کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لەباربردنی منداڵ بنکە دادەمەزرێنێت

12:37 - 21 خەزەڵوەر 2724

حوسێن مەعرووفی جێگری ڕێکخستنی بەسیجی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر لە بۆنەیەکدا بەناوی "گەڵاڵەی نەفس"ی بەسیجی کۆمەڵگەی پزیشکی کە لە زانکۆی ئینقلابی ئیسلامی بەڕێوە چوو ڕایگەیاند کە بەسیج هەوڵ دەدات بە زیادکردنی ناوەندەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لە لەباربردنی منداڵ هاوکاری گەشەی کۆمەڵگای ئێران بکات.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئێستادا ٣٠٠ ناوەندی ڕاوێژکاری بۆ پێشگیری لە لەباربردنی منداڵ لە ئێراندا چالاکن، ڕایگەیاند کە ئامانج ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٤ ئەم ژمارەیە بۆ هەزار ناوەند زیاد بکرێت.

مەعرووفی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لەباربردنی منداڵ خۆی جیهاد حساب دەکرێ، و بۆ  بەرپەرچدانەوەی هەوڵی دوژمنان کە دەیانهەوێ حەشیمەتی ئێران کەم بکەنەوە پێویستمان بە کار و هەوڵی بێوچانە.

ناوبراو لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە گرینگیی هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، زیادی کرد: بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوەندانەی کە یارمەتی لەباربردنی منداڵ دەدەن، پێویستیمان بە پێکهێنانی بارەگا و ناوەندگەلی چاودێریکردنی چڕ هەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لەم کۆبوونەوەیەدا، ئەمیرحوسێن بانکی پوور، نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس باسی لەوە کردووە کە پۆلیسی فەتا دەبێ بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو کەسانە بکات کە پێداویستییەکانی پێشگرتن لە منداڵبوون لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدەستی خەڵک دەگەیێنن و ئەگەر لەم پێداویستییانە لە هەر دەرمانخانە و نۆرینگەیەکدا بدۆزرێتەوە، مۆڵەتی کارکردنەکەیان لێ وەردەگیرێتەوە.

عەلی خامنەیی، پێشتر لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە هەوڵی زیادکردنی حەشیمەت و جەوانکردنەوەی هێزی مرۆیی یەکێک لە پێویستترین ئەرکەکانی بەرپرسان و خەڵکە.

ناوبراو منداڵبوون و جەوانیی کۆمەڵگای بە ڕێگاچارەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئێران لە پیری ناو برد.

خامنەیی داوای لە هەر سێ هێزی ڕێژیمەکەی کردبوو کە کار لەسەر زیادکردنی ڕێژەی گەشەی حەشیمەت بکەن و جەختیشی لەوە کردەوە کە ژمارەی دانیشتووانی ئێران دەبێ بگاتە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن کەس.

بێ ئاکام مانەوەی هەوڵەکانی رێژیم بۆ بەرەپێشبردنی ئەم سیاسەتە گەیشتووەتە جێگایەک کە هیزی بەسیجیشیان لەم بابەتە گلاندووە و دەیانهەوێ بە هەڕەشەی دانانی بنکە، حەشیمەتی کۆمەڵگا زیاد بکەن.