هەواڵدەریی "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی خراپی خەڵکی ناوچەکانی سەلاسی باوەجانیی سەر بە کرماشانی پاش تێپەڕبوونی حەوت ساڵ لە بوومەلەرزە خستووەتە بەر باس.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە سەرچاوەیەکی سەر بە ڕێژیمی تارانە پاش تێپەربوونی ماوەی حەوت ساڵ شوێنی پێویست بۆ زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی ئەم شارە دروست نەکراوە و تەنیا کانێکسێک بۆ ئەم شوێنانە دابین کراوە.
ئیرنا لەم پێوەندییەدا و لە شرۆڤەی دۆخی نالەباری خەڵکدا نووسیویەتی: "لە ڕێکەوتێکی دەگمەندا کە بۆ ئەوە دەبێت لە کتێبی گینسدا تۆمار بکرێت تاکە زایشگای سەلاسی باوەجانی، کانێکسێکی بچووکە لە نێو نەخۆشخانە کانێکسییەکەی ئەم شارەدا".
ئیرنا زیادی دەکات "لەم کانێکسەدا کە بووەتە شوێنی منداڵبوون، لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوییەوە تاکوو ئێستا نزیک بە ٣٠٠ منداڵ بە کەمترین پێداویستییەکانەوە لە دایک بوونە".
جیا لە نەبوونی نەخۆشخانەیەکی پێویست، بەپێی ئەم ڕاپۆرتە قوتابییانی زیاتر لە ٣٠ قوتابخانەی ئەم شارە ماوەی ٧ ساڵە لە کانێکسدا درێژە بە خوێندن دەدەن.
لە پاش بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٣٩٦ـەوە، سێ دەوڵەتی جیاوازی ڕێژیم هاتوونەتە سەر کار بەڵام هیچ یەک نەیانتوانیوە چەند قوتابخانە بۆ ئەم منداڵانە دروست بکەن و یان تەنانەت شوێنێکی پێویست بۆ منداڵبوون لەم شارەدا دابین بکەن.
بێبەشبوونی خەڵکی ئەم ناوچە و قەرەبوونەکردنەوەی زیانەکانیان پاش بوومەلەرزەکە و تەنانەت دروستنەکردنەوەی شوێنە دەوڵەتییەکان لەم شارەدا لەکاتێکدایە کە ڕێژیم ساڵانە بە میلیاردها دۆلار یارمەتی گرووپە میلیشیاکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەدات.
مەحموود مەحموودزادە جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازیی ڕیژیم ڕیکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨ و دوو ساڵ پاش بۆمەلەرزەکەی سەلاسی باوەجانی، باسی لە ڕێککەوتنی تاران و دەمیشق بۆ دروستکردنی ٣٠ هەزار خانوو بۆ خەڵکی سووریە کردبوو.
ئیرنا لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا باسێکی لە گوندەکانی سەرپێڵ زەهاو کردووە کە زۆربەی ماڵەکانی ئەم ناوچەش تاکوو ئێستا دروست نەکراونەتەوە و هەر وەک چەند ساڵ لەمەوبەر شوێنەواری وێرانی و بوومەلەرزەکەی پێوە دیارە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە خەڵکی ئەم ناوچانە لە توانایاندا نییە کە قیستەکانی وامە دەوڵەتییەکان بدەنەوە و بۆیە پارەی پێویستیان بۆ دروستکردنەوەی خانووکانیان نییە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو کەسانەی کە ئەم وامانەیان وەرگرتووە لە قیستە قورسەکانی ئەم وامانە ناڕازین و ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی ئەم وامانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشاری ماڵییەوە.