کۆچکردنی پزیشکان و نەبوون و کەمبوونی کادری دەرمان و هەروەها کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە کەرتی تەندروستی، ئێرانی لەگەڵ قەیرانێکی جیددی لەم کەرتە بەرەوڕوو کردووەتەوە.
بە وتەی ئەندامێکی کۆمیسۆنی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، کەمیی پزیشک لە ئێراندا گەیشتووەتە ١٢ هەزار کەس.
ئەبولحەسەن مستەفەوی ئەمەی بە قەیران ناو بردووە و ڕایگەیاندووە ١٢ هەزار پزیشکمان کەمە، ١١ هەزار خوێندکاری پزیشکیمان هەیە بەڵام هەتا ٨ ساڵی تر دەبێ بخوێنن و دواتر بچنە بازاڕی کارەوە، بە هۆی خانەنشیبوون و کۆچکردنی پزیشکەکانیش بە شێوەی ساڵانە، ساڵی دیکە پزیشکی زیاترمان پێویستە.
بە وتەی ئەم نوێنەرەی مەجلیس، بە هۆی نەبوونی پزیشک، زۆربەی ناوەندە دەرمانییەکان لە شارە جیاوازەکاندا، پاش ٤٠ ساڵ چالاکی داخراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی نیزام پەرستاریی ڕێژیم بە ئاماژە بە دەستلەکارکێشانەوەی هەزار و ٥٠٠ پەرستار لەم ساڵدا وتی لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٥٠٠ پەرستار کۆچیان کردووە.
ئەحمەد نجاتییان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران بە ئاماژە بە حەشیمەتی ٢٤٠ هەزار کەسیی پەرستاران لە ئێراندا وتوویەتی: بۆ هەر قەرەوێڵەیەک لە نەخۆشخانەکاندا، دەبێ سەرووی ١.٨ پەرستار هەبێ، بەڵام نێونجی ڕێژەی پەرستارەکان بۆ قەرەوێڵەیەک لە ئێراندا ٠.٩یە، واتە کەمتر لە یەک پەرستار بۆ هەر قەرەوێڵەیەک لە نەخۆشخانەکاندا.
هاوکات لەگەڵ کۆچکردنی پەرستاران و پزیشکان، ناڕەزایەتییەکانی پەرستارانیش درێژەیان هەیە و کەمپەینێک لەژێ ناوی "ڕووبانی ڕەش" هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ڕۆژی پەرستار لە ئێراندا دەستی بەکار کردووە.
وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدەن کە گرووپێک لە پەرستاران بە بەشداری لەم کەمپەینە و بەستنی ڕووبانی ڕەش لەسەر دەست و باسکیان، خوازیاری بەدواداچوون بۆ داواکارییە سێنفیکانی خۆیانن.