کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران

18:55 - 21 خەزەڵوەر 2724

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا و لە بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر لانیکەم ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چووە.

ئەم هەواڵدەرییە مافی مرۆییە ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی "تەئمینی ئیجتماعی" لە شارەکانی کرماشان، ئەهواز، شووش و ڕەشت لە بەردەم بیناکانی "تەئمین ئیجتماعی" لەو شارانەدا کۆبوونەتەوە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە مافەکانیان بوون.

لە سێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دیکەدا ژمارەیەک لە کارمەندانی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی قوم، کارمەندانی تاقیگە و ڕادیۆلۆژیی نەخۆشخانەیەک لە قەزوین و هەروەها ژمارەیەک لە "ماما"کانی نەخۆشخانەی شووش، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و داواکاری گەیشتن بە مافە پێشیلکراوەکانیان بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەر لەم ڕۆژەدا ژمارەیەک لە تاکسیدارەکانی تاران، مەشهەد، هەمەدان و مەلایر لە بەردەم بینای وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمدا لە تاران کۆبونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

هێرانا زیادی کردووە کۆمەڵێک لە مامۆستایانی خانەنشینکراو لە چەند پارێزگای ئێرانەوە چوونەتە تاران و لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان کۆبوونەتەوە و سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە مافەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەروەها لە دوو کۆبوونەوەی دیکەدا لە شارەکانی ئیسفەهان و تاران، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی پۆڵا لە بەردەم سەندووقی خانەنشینکراوانی ئەم دوو شارە کۆبوونەوە و دروشمیان دا.

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران لەم ڕۆژەدا، کۆمەڵێک لە ماڵخوراوانی دوو شیرکەتی "ڕیگان خۆدرۆ" و "شەهری خۆدرۆ" لە تاران و هەروەها ژمارەیەک لە دەسفرۆشان و میوەفرۆشانی ئێرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و داوای مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان کردووە.

هاوکات لەگەڵ قەیرانی ئابووری و سیاسەتە هەڵەکانی رێژیم لەم بوارەدا، بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەم دۆخە بەڕێوە چووە و ڕێژیمیش نە تەنیا وڵامدەری داواکارییەکانی خەڵک نییە بەڵکوو توانای چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانیشی نەماوە.