بودجەیەک لەپێناو هەژارترکردنی خەڵک و بەهێزترکردنی سپای پاسداران
سولێمان تاشان
لەم حەوتوویەدا کۆی بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران پەسند کرا و هەرچەندە هێشتا وردەکارییەکان بەدیار نەکەوتوون، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەندێک ئاماری سەرەتایی دەیسەلمێنن، بەڵگە داراییەکەی مەسعوود پزیشکیان نەک هیچ ئومێدێکی گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیری و هەلی کاری لێ بەدی ناکرێت، بگرە نادادپەروەری و خراپتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەدواوە دەبێت.
کابینەی چواردەیەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزیشکیان لە ٢٢ی ئۆکتۆبەر/٢ی خەزەڵوەر یەکەم گەلاڵەی بودجەی ساڵی داهاتووی هەتاوی، پێشکەشی پەرلەمان کرد و دوای کەمتر لە حەوتوویەک لە ٢١ی هەمان مانگ/٨ی خەزەڵوەر ڕەشنووسی گەڵاڵەی بودجە بە ١٤٦ دەنگی بەڵێ ٩٦ دەنگی نەخێر و چوار دەنگی بێلایەن پەسند کرا.
قەبارەی بودجە
کۆی قەبارەی یەکەم بودجەی کابینەکەی پزیشکیان بریتییە لە ١١ هەزار و ٨٩٦ تریلیۆن تمەن کە بەراورد بە بودجەی ئەمساڵ نزیکەی دوو هێندە زیادی کردوە. ئەوەی لە ڕواڵەتی بودجەکە دەردەکەوێت لە ڕووی ژمارەوە کەمێک دڵخۆشکەر دیارە بەڵام کە سەیری چۆنیەتیی دابینکردنی بودجەکە و پاشان چۆنیەتیی دابەشکارییە سەرتاییەکانی دەکەیت بۆت دەسەلمێنرێت ئەو بودجەیە بەپێچەوانەی وتارەکەی سەرۆککۆمار لە مەجلیسی ئێران کە گوتی بودجەکە ڕوون و شەفافە، هیچ ڕوونییەکی تێدا نییە و ڕێکارەکانی دابینکردن و خەرجکردنی بودجەکە هەڵخەڵەتێنەرانەن.
بە ڕوونی دیار نییە ئەو داهاتەی لە بودجەدا تیشکی خراوەتە سەر دەتوانێت بەدی بێت یان نا کە بەشێکی زۆری پشتی بە فرۆشتنی کۆمپانیا و سامانی گشتی و بەرزکردنەوەی باج و سەرانە بەستوە و لەسەر بنەمای داهاتی ڕاستەقینە نییە بەڵکوو لەسەر بنەمای گوشاری زیاتر بۆ سەر کۆمەڵگە داڕێژراوە.=
وەک گریمانە ئەگەر حکوومەت ئەو ١١ هەزار و ٨٩٦ تریلیۆن تمەنەشی لەبەردەستدا بێت، چۆن خەرجی دەکات تا کاریگەری لەسەر باشترکردنی بژێویی خەڵک و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و برسێتی و بەرزکردنەوەی پێنوێنی دابینکردنی هەلی کار هەبێت و لە هەمان کاتدا هەڵاوسان کەم بکاتەوە و ببێتە هۆی هەرزانکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕ، بەڵام ئەوەی لە بودجەدا دەبینرێت پێچەوانەی ئەو هەوڵانەن.
مووچە و هەڵاوسان
یەکێک لەو چاوەڕوانییانەی لە بودجەدا بە تایبەتی توێژی کارمەند و مووچەخۆر هەیانە ئەوەیە ئەو مووچەیەی مانگانە دەستەبەری دەکەن لە بەها ڕاستەقینەکەی دانەبەزێت و گۆڕانکارییەکان لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی مووچەیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕێژەی هەڵاوسان و گرانی هاوسەنگ بێت.
بەپێی ڕەشنووسی بودجەکەی پزیشکیان نزمترین مووچەی کارمەندان و مووچەخۆران بۆ ساڵی داهاتوو بە ڕێژەی ٢٠% بەرز دەکرێتەوە لە کاتێکدا هەڵاوسانی ئەمساڵ لە دەوروبەری ٤٠%ە و خوا دەزانێت هی ساڵی داهاتووش چەند دەبێت بەڵام ئەگەر گریمانەی ٤٠% بکرێت ئەوا بەو دەرەنجامە دەگەین کە ژیانی مووچەخۆران و فەرمانبەران خراپتر دەبێت چونکە بەو مووچەیەی دەستیان دەکەوێت ئەگەر ٢٠%یشی بخرێتە سەر ئەوا هەمان پێداویستییەکانی ساڵێک پێشتری پێ دابین ناکرێت.
تاکە هاوکارییەک کە کراوەتە منەت بەسەر مووچەخۆرانەوە، ئەوەیە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە مووچەیان لە ٢٤ ملیۆن تمەن کەمترە، باجیان لێ ناستێنرێت. ساڵی ڕابردوو ئەو قەبارەیە لە بەخشین لە باج بۆ ئەوانە دیاری کرابوو کە مووچەکەیان خوارووی ١٢ ملیۆن تمەنە.
بودجەی سەربازی
ئامانجی سەرەکیی بەرزکردنەوەی قەبارەی بودجەکە لە ڕووی سەرمایە و تەنانەت هەوڵدان بۆ فرۆشتنی زیاتری سامانی گشتی لە ڕەشنووسەکەی بودجە بۆ ئەوەیە بواری سەربازی لەسەر حسابی خراپترکردنی ژیانی خەڵک گەشەی پێ بدرێت. لە بودجەی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووش یەک لەسەر پێنجی کۆی بودجەی ئێران بەر کەرتی سەربازی و بەرگری کەوتوە کە بە ڕێژە دەیکردە ٢٠%. ئەوکات لای شارەزایان و چاودێرانی ئابووری و سیاسی هەرایەکی زۆری لێ کەوتەوە و ڕەخنەیەکی زۆر لە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشوو گیرا و بە تەخشان و پەخشانی سامانی گشتی تۆمەتباریان کرد، کەچی دۆخەکە لە سەردەمی پزیشکیان لە جیاتی ئەوە باشتر بێت، خراپتر بووە و بودجەی سپا و هێزە چەکدارەکان بە لێشاو زیاد کراوە.
هەر ئەو ڕۆژەی ڕەشنووسەکە یان بنەما گشتییەکانی بودجە پەسند کرا، ئەوە ئاشکرا بوو کە پشکی بودجەی سەربازی لە بودجەی ساڵی ١٤٠٤ بەراورد بە ١٤٠٣ سەرووی ٢٠٠% زیادی کردووە. فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژی کابینەی مەسعوود پزیشکیان، خۆی ئەو زانیارییەی ڕاگەیاند و پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەت ئەوەیە ژێرخانی بەرگریی وڵات بەهێز بکات.
ئەگەر بە ژمارە لێکدانەوەی زیاتر بۆ پشکەکە بکەین بۆمان دەردەکەوێت ئەگەر ساڵی ڕابردوو لە بودجەدا ٢٠ ملیار دۆلار بۆ بواری سەربازی تەرخان کرابێت ئەوا ئەمساڵ ٦٠ ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، بودجەیەکی زۆر کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی بودجەیە و دەکرا بۆ باشترکردنی بژێویی خەڵک بقۆزرێتەوە.
ڕیسەکە بوو بە خوری
ئەو تەرخانکردنەی بودجە و سامانە گشتییەش لە کاتێکدایە هەموو ئەو بودجانەی لە ساڵانی ڕابردوودا ژێرخانی بەرگریی ئێرانی پێ بەهێز کراوە و بە قسەی خۆیان توانا سەربازییەکانیان تۆکمە کردوە، لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل، تێکشکان و لەگەڵ زەوی خاپوور کران.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت پێنج وێستگەی قەڵغانی بەرگریی مووشەکییS300 لە ڕووسیە بکڕێت و لە ئێران دایانمەزرێنێت دەیان میلیارد دۆلاری خەرج کردوە، دەیان میلیارد دۆلاری دیکەی لە دامەزراندنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک خەرج کردوە کە هەموو بە شەوێک بوونە دووکەڵ، دەبێت چەند دەیان میلیارد دۆلاری تر خەرج بکات بۆ ئەوەی دیسان بنیاتیان بنێتەوە. ئەمە وێڕای ئەو دەیان میلیارد دۆلارەی لە شەڕی سووریە و لبنان و غەزە و یەمەن و شوێنەکانی دیکە خەرجی کردوە. لە حاڵێکدا تەنیا بەو پارەیەی لە بنیاتنانی تونێلەکانی غەزە خەرجی کردوە، دەکرا ژیانی توێژێکی کۆمەڵگەی پێ باشتر بکرێت، بەو مووشەکانەی بۆ حیزبوڵڵا و حووسی و حەماسی دابین کرد دەکرا، ڕێژەی هەژاری و کولەمەرگیی ئێرانی بەتەواوی پێ بنەبڕ بکرێت.
دراوی پاڵپشتیکراو
هەر بەپێی ڕەشنووسی یاسای بودجە ڕەچاوی کڕینی دەرمان و هەندێک پێداویستیی سەرەکی بە دۆلاری پاڵپشتیکراو کراوە و بە قسەی خۆیان ئامانجیانە ڕێ لە گرانتربوونی ئەو پێداویستییانە بگرن بەڵام ناوەڕۆک شتێکی تر دەڵێت.
حکوومەتی ئێران پێشتر دۆلاری پاڵپشتیکراوی بە ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن دیاری کردبوو بەڵام بڕیارە بگەیەنرێتە ٣٧ هەزار تمەن کە بە دڵنیاییەوە گرانتربونی دەرمان و خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی بەدواوە دەبێت.
حکوومەت هەر ساڵە و چەند جۆر کاڵا و شتومەک لە بازنەی دراوی پاڵپشتیکراو دەهێنێتە دەرەوە و لە لایەکی دیکە پلانی ئەوەی هەیە بەهای دۆلاری ئازاد و دۆلاری حکوومیی لە یەکتر نزیک بکاتەوە بەڵام دابەزینی بەهای تمەن ئەوەندە خێرایە تەنانەت ناتوانێت مەوداکە لە هەمان ئاستی جاران ڕابگرێت. ساڵی ڕابردوو دۆلاری ئازاد لە خوارووی ٥٠ هەزار تمەن بوو کەچی ئێستا نزیکە لە ٧٠ هەزار تمەن.
لەمساڵدا کورتهێنانی بودجەی ئێران بە ٣٠٧ تریلیۆن تمەن دەستنیشان کرابوو بەڵام دواجار بە هۆی گۆرانکارییەکان گەیشتە ٨٥٠ تریلیۆن تمەن و بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش بە هەزار و ٨٠٥ تریلیۆن تمەن خەمڵێنراوە کە بە دۆلار دەکاتە ٢٧ ملیار دۆلار و تاکە هیوای پزیشکیان ئەوەیە لە هەڵگرتنی پارەی سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانی کە ئەویش سامانێکی نیشتمانیی خەڵکە، دەستی واڵا کراوە.
نەوت
کابینەی پزیشکیان چاوەڕوانە لە بودجەی ساڵی داهاتوویدا لە ڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دوو هەزار و ١٠٧ تریلیۆن تمەن دابین بکات کە بەراورد بە بودجەی ئەمساڵی ٣٢% زیادی کردوە کە نزیکەی هەزار و ٦٠٠ تریلیۆن تمەن بوو، بەهای پشکی داهاتی نەوت لە بودجەی ساڵی داهاتوو بە لەبەرچاوگرتنی نرخی ئێستای دۆلار لە بازاڕی ئازاد بەرانبەر تمەن، سەرووی ٣٠ میلیارد دۆلارە.
بەپێی ڕەشنووسی بودجە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە ٥٧ یۆرۆ دەستنیشان کراوە لە کاتێکدا ئێران لە فرۆشتنی نەوت هەرگیز ئەو پارەیەی دەست ناکەوێت. حکوومەت لەو نەوتەی دەیفرۆشێت تەنانەت پارەی کاشی دەست ناکەوێت و بۆ بازدانی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەرزانفرۆشی کردووە و لە بازاڕەکانی باشووری ئاسیا بە قاچاخ ساغی دەکاتەوە و لەبەرانبەردا برنج و چای کۆنی و پەینی کیمیایی وەردەگرێت.
مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران گوتوویەتی بودجەکە زۆر ڕوون و شەفافە و لەسەر بنەمای چوار ئامانجە کە بریتین لە سەقامگیری، گەشەی ئابووری، هەلی کار و دادپەروەری. سەیر لەوەدایە بودجەکە لە جیاتی سەقامگیری، ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی بەدواوە بووە و دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەهای تمەن بەرانبەر دۆلار هەڵکشا کەچی دوای ڕاگەیاندنی پەسندکرانی ڕەشنووسی بودجە بەهای تمەن دابەزیوە و نزیک بۆتەوە لە ٧٠ هەزار تمەن.
گەشەی ئابووری بەم بودجەیە هەرگیز بەدی نایەت و هیچ ئومێدێکیش بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی بازاڕەکان نییە، پێشتریش سندووقی نێودەوڵەتیی دراو تەنانەت بۆ دوو ساڵی دیکەش پێشبینی پاشەکشەی گەشەی ئابووریی ئێرانی خستۆتەڕوو، جگە لەمە زیادکردنی ٢٠٠% لە بودجەی سپا و هاوکات زیادکردنی ٢٠% لە کەمترین مووچەی فەرمانبەر ئەوە دەسەلمێنێت دادپەروەرییەکەی مەسعوود پزیشکیان چەندە بڕ دەکات.