کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی هەڵاواردن یان دەوڵەتی هەڵاوێردوو

19:16 - 21 خەزەڵوەر 2724

خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات

دۆخی هەڵاواردن یان دەوڵەتی هەڵاوێردوو (٥-٥)

 

ئاماژە: خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات توێژینەوەیەکی د. ئەحمەد محەممەدپوورە پێوەندیدار بە پرسێکی سیاسی، ئابووری، نەتەوەیی ڕۆژەڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەک لە بەشی بەرایی توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە ئەدەبیاتی سەروەری و تووندوتیژی، بەدواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان دۆخی ناسەقامگیریی و شوێنگیری و سیاسەتی مەرگ دەکات کە لە پراکتیکی کاری سنووربەزاندنی کورد، یان کۆڵبەریدا بەرجەستە بووە. توێژەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەتی ئێران گوتاری سنووری ئەمنییەتی وەک چەکێک بۆ سەپاندنی دۆخی هەڵاواردنی هەمیشەیی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا جێگیردەکات، کورد بە پێگەی مەمرە و مەژی لەڕێگەی سەپاندنی پراکتیکی ناجێگیری کاری مەرگ مەحکوم دەکات. جگە لەوەش، ئەم لێکۆڵینەوەیە سنوور وەک ئەرشیفێک دەخاتە ڕوو کە تۆمارەکانی سیاسەتی مەرگی دەوڵەت تێیدا دانراون و دەپارێزرێن و ئاشکرادەکرێن لەژیانی کۆڵبەرەکاندا.

"کوردستان" بەشە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە پێنج بەشدا بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە و لە کۆتاییدا هەموو توێژینەوەکە بەیەکەوە لە "کوردستان‌میدیا" دادەنرێت.

***

ئەم توێژینەوەیە باس لە ڕۆڵی کۆڵبەری وەک جیهانێکی بچوکی ژیان و کاری نالەبار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ ڕۆژهەڵات تاوتوێ دەکات. جەوهەری ئارگومێنتەکە ئەوەیە کە کۆڵبەری سەرەڕای ڕەنگدانەوەی هەژاریی و نایەکسانی ئابووریی تێیدا، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی جێگیرکردنی نیکرۆپۆلەتیکی دەوڵەتە کە لە ڕێگەیەوە کورد بەهۆی جیاوازییە ئیتنۆ زمانیی و ئایینییەکانییەوە بە شیاوی سڕینەوە دادەنرێت. وەک یەکێک لە کۆڵبەرەکان وتی، ئەگەر بەرپرسانی دەوڵەت بیانویستایە، دەیانتوانی جارێک و بۆ هەمیشە کۆڵبەری کۆتایی پێ‌بهێنن. ئەوان ئێمەیان کردە هێستر بۆ خزمەتکردنیان. لە تاران و ئەسفەهان هیچ خێزانێک نییە کە تەلەفزیۆن یان ئامێرەکانی تری ماڵەوەیان لەلایەن ئێمەوە نەهێنرابێت و خوێنمان بۆ نەبەخشیبێت. ئەو توندوتیژیی و مەرگەی کە کۆڵبەرەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئاوێنەی ژیانی تەواوی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتە لە ئێران. لە هەمان‌کاتدا ئەزموونی کوردەکان لە ڕێژێمە سەرکوتکەرەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ئێران بەشێوەیەکی فراوانتر دەخاتەڕوو.

دۆخی هەڵاواردن لەژێر سایەی ڕێژێمی تاک زمانی مەزهەبیدا بووەتە مەرجێکی هەمیشەیی و ئاسایی، ئەمەش پاساوێکە بۆ گشتگیرکردنی پارادایمی ئاسایشی بێ وێنە وەک تەکنیکێک بۆ جێبەجێکردنی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا. ئەم گشتگیرییە لە ناوچە سنوورییەکاندا دەگاتە لوتکە، کە تێیدا دەوڵەت بەناوی پاراستنی نەتەوە وە سیاسەتی مەرگ و ناسەقامگیرییەوە ئەنجام دەدات. بەمەش فۆرمی توندوتیژی دەرەوەی یاسای لەدژی ئەوی دیکەی ئیتنی سەپاندوە، هەربۆیە سنوور وەک شوێنێک دەردەکەوێت کە دۆخی جیاکاری نەک تەنها لە فەزا و کاتدا هەمیشەیی دەبێت، بەڵکوو دەبێتە دۆخی سرووشتی شتەکان.

کەیسی کۆڵبەری بەرەنگاربوونەوەی ڕێگای ئاساییە بۆ سنوورەکان وەک دەرکەوتێکی تۆپۆگرافی کە تییدا دەسەڵاتی سیاسی سنووردار کراوە. ئەم ڕوانگەیە شکست دەهێنێت لە بینینی سنوور وەک بەرهەمی زنجیرەیەک لە پێکهاتە، بایۆ-سیاسی-تۆپۆلۆژییەکان کە سوژە، جەستە و ژیان لەسەرانسەری هێڵە فەزایی و کاتییەکاندا ڕێک‌دەخەن و دایدەمەزرێننەوە. بەواتایەکی دیکە، لە حاڵەتی ڕۆژهەڵاتدا، سنوور ناتوانرێت تەنها وەک شوێنێکی جوگرافی لێکبدرێتەوە، بەڵکو وەک ئیبێمبێ دەڵێت،  جۆرێکە لە تەکنۆلۆژیای سەروەری کە بەکاردێت بۆ زیادکردنی لەناوبردنی تاکەکان و دروستکردنی جیهانی-مەرگ و بۆ مانای فۆرمی نوێ و ناوازەی کۆمەڵایەتی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان لەژێر هەلومەرجی دیاریکراوی ژیاندا دەبن.

ئەدەبیاتی ئەم دواییەی مرۆڤناسی لەسەر فەزا و شوێن زیاتر جەخت لەسەر ناماددی بوون یان هەموو شوێنێکی سنوور وەک یەکەیەکی هاوشێوەی کەمپی سەربازی دەکاتەوە. ئەمەش دەنگدانەوەی کۆڵبەرییە بەو مانایەی کە نوێنەرایەتی فۆرمێکی دەسەڵاتی سەروەری دەکات کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکات، جیاوازی هەست‌پێکراوی ناوە و دەرەوە، دۆست و دوژمن و یاسایی و نایاسایی کاڵ دەکاتەوە.

ئەم بارودۆخە تایبەتەی کە پێی دەوترێت سنووری ڕۆژهەڵات، زەمینەیەکی پارادایمی بۆ حکومەت دروست کردوە تا ڕێوشوێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ زیاتر بە ئاسایشکردن و بە سەربازیکردنی ناوچەکە. کۆڵبەری کە بەهۆی سیاسەتی دەوڵەت لە دژە پەرەسەندن و هەژاری سیستماتیکییەوە هاتۆتە ئاراوە، خۆی بەرهەمی ئەو کۆتە سیاسی-ئابوورییە بەمەبەست پاشەکشەگەرانەیە کە دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتدا سەپاندوویەتی. ڕێژێم ڕۆژهەڵات وەک شوێنێکی بەرخۆدان دەبینێت کە تێیدا گوتاری یەکگرتووی دەوڵەتی نەتەوە لە مێژوودا شکستی هێناوە و هێشتاش بەردەوامە لە داڕمان. بۆیە دەوڵەتی ئێران کۆڵبەری وەک ئامرازێکی بەهێزی حکومەت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بەردەوام کورد بە سزادانی جەستەیی و تووندوتیژی و سزادانی سیستماتیک دەزگا سنووردارەکەی خۆیانی بیربخاتەوە، دڵنیایی بدات کە جەستەی کورد لەگەڵ ڕەگەزسازی سیاسی و گوتاری خوازراودا بگونجێت.

سنووری ڕۆژهەڵات ئەو شوێنەیە کە ژیان لە دەرەوەی یاسا بە ڕوونترین شێوە دیارە و لەلایەن دەوڵەتەوە ڕەوایەتی پێدەدرێت. تا ئەو ڕاددەیەی کە کۆڵبەرەکان لە هەموو پێگەی یاسایی و سیاسی و بەتەواوی کورتکراوەتەوە لەوەی کە ئەگامبێن (٢٠٠٥) پێی دەڵێت ژیانی ڕووت، خاکی سنوور نوێنەرایەتیی یەکێک لە فەزا بایۆسیاسییە ڕەهاکان دەکات، ئەگەر زۆرترینیش نەبێت، کە تێیدا دەوڵەت و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕووبەڕووی ژیانی ڕووت دەبنەوە بەبێ هیچ نێوەندێک یان ئەنجامێک. ئەمەس لەسەربڕینی کۆڵبەرەکان لەلایەن دەورییەی سنوورەکانەوە دەردەکەوێت، کە هیچ دەرەنجامێکی یاسایی بۆی لە سیستەمی دەوڵەتدا بوونی نییە. سەرەڕای ئەم توندوتیژییە، کۆڵبەرەکان شەڕی مانەوەیان وەک کردەوەیەکی بەرخۆدان و بریکاری هەست پێ‌دەکەن. لەکاتێکدا بەرگەی ئەم مەترسییە دەگرن، دەنگدانەوەی پەیامێکە کە بوونیان بە ئاسانی ڕیشەکێش ناکرێت. هەروەک ئانزاڵدوا (١٩٨٧)، مبێمبێ (٢٠٠٣)، و دی لیۆن (٢٠١٥) پێشنیاری دەکەن، دەبێت سنوورەکان وەک گۆڕەپانێکی داینامیکی سەیربکرێن کە زنجیرەیەک ململانێی هاوکات تێیدا ڕوو دەدات و شەڕکەرەکانی ئەم گۆڕەپانە گرووپە پەراوێزخراو و داگیرکراوەکانی وەک کوردەوە کە بەپشت بەستن بە شوناس و زمانە جیاوازەکانیانەوە لەناو ئەم جیهانی مەرگەدا دەکوژرێن.

ناتوانین لە دۆخی هەڵاواردنی ڕۆژهەڵات تێبگەین تەنیا لە چوارچێوەی فراوانتری شوناسی کورد لە ڕژێمە جیاکاری و بە ئەمنیکەرە هەمەجۆر و هاوکاتەریبەکانی ئێران و تورکیە و عێراق و سووریە نەبێت. ئەمەش وایکردوە کە بوونی کورد فەرامۆش بکرێت، چونکە وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش بۆ سەر ئەو دەوڵەتانە دەبینرێت کە لەمێژە نیشتمانی دایکی کوردیان داگیرکردووە. ئەمە لە دۆخی کۆڵبەرە کوردەکاندا ڕوون و ئاشکرایە کە بەگوێرەی چەمکی هۆمۆساکەری ئەگامبێن هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیە دەتوانن بەبێ سزا بیانکوژن، برینداریان بکەن، دەستبەسەریان بکەن یان بێسەروشوێن بکرێن. هەروەک ئەگامبێن دەڵێت:  ئەوەی تایبەتمەندی هەردوو ڕێژێمی فاشستی و نازییە ئەوەیە کە ڕیگەیان بە دەستوورە هەنوکەییەکان داوە … بۆ مانەوە لەژیان بە گوێرەی پارادایمێک کە بە گشتی وەک  دەوڵەتی دووانە  پێناسە دەکرێت- واتە ئەوان لەگەڵ دەستووری ئاساییدا، پیکهاتەیەکی لاوەکییان دامەزراندوە کە زۆرجار بە شێوەیەکی یاسایی ڕێک‌نەخراوە و دەکرێت لە هەمانکاتدا و لەگەڵ ئەوی تردا بە هۆی دۆخی هەڵاواردنەوە بمێننەوە. هەرچەندە پارادایمێکی گشتی توندوتیژی لە سەرانسەری وڵاتدا هەیە، بەڵام بەراورد ناکرێت بە ڕێژە و چڕی تووندوتیژی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات. نمونەیەکی ئەم دواییە سەرکوتکردنی دڕندانە لە (ڕۆژهەڵات و بەلوچستان) پاش ڕاپەڕینی بەربڵاوی ناسراو بە ژن، ژیان، ئازادی  لە ساڵی ٢٠٢٢. دەوڵەت بە کەلک‌وەرگرتن لە چەکی قورس، هێرشیکی پێنج هەفتەیی بۆ سەر شارە گەورەکانی کوردستان وەک سنە، مەهاباد، سەردەشت و جوانڕۆ دەستپێکرد، لە ئەنجامدا ١٢٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، لە نێویاندا ١٤ منداڵ و ٧ ژن).

هەروەها ژیانی سیاسی لە ڕۆژهەڵات لەلایەن دەزگا بریکارەکانی دەسەڵاتەوە سەرپەرشتی و بەڕێوەدەبرێن کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن. بەڵام ئەوان لەژێر چەتری فراوانتری دەسەڵاتی سەروەریدان. بڕی ئەو دەسەڵاتەی کە بە هەر یەکێک لەم بریکارانە دەدرێت، سەرسوڕهێنەرە. لە ڕاستیدا ئەم بریکارانە چ وەک تاک یان دامەزراوە، دەسەڵاتی ڕەهایان دەبێت بۆ ڕاگرتنی یاسا یان ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە هەرێمەکەدا. بۆ نموونە، لە ئەیلولی ٢٠٢٠دا، هێزی فەوجە سنوورییەکانی سەردەشت فەرمانی چۆڵکردنی شەش گوندی دەرکرد کە بە  سنوور لە سنووری سووردا  هەڵکەوتوون. بە زۆر دانیشتووانەکەی ڕاگوێزران، لە کاتێکدا دەوڵەت ڕەتی کردەوە هیچ پشتیوانییەکی دارایی پێشکەش بکات بۆ ئاسانکردنی ڕاگواستنەکە. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەم بڕیارە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دراوە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە فەوجەکەی سنووری سەردەشت سەرەتا پلانێکی لەو شێوەیەی پێشنیار کردوە. پێدەچێت دەوڵەت گوندی زیاتر لەسەر سنوور چۆڵ بکات.

ئەم وتارە شوێنپێی نانسی شیپەر-هیوز (١٩٩٥) هەڵدەگرێت لە بواری مرۆڤناسی و مرۆڤناسان بۆ نیشاندانی  پابەندی سیاسی تێوەگلانی ئەخلاقی زیاتر لە کردارە فیکریی و زانستییەکاندا. ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە پرۆژەی مرۆڤناسی لەیەک کاتدا ئیتنۆگرافی و ئێپستیمۆلۆجی و سیاسییە و … مرۆڤناسان بەشێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندییان بە پۆلیس و  جەماوەرەوە هەیە. لێکۆڵینەوە سەرەکییەکان سەبارەت بە ئێران یان بێدەنگ بوون –یان ئامادە نەبووە چارەسەری- دۆخی نالەباری کولتوورە غەیرە فارسەکان بکات. ئەمە بەتایبەتی بۆ توێژەر و چالاکوانانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات ڕاستە، کە لە بەرامبەر هێرشی ڕۆژانەی دەوڵەت بۆ سەر کۆڵبەرەکانی ڕۆژهەڵات و بازرگانانی سنوور (ناسراون بە سوختبەر) لە بەلوچستان بێدەنگییان هەڵبژاردوە. لیندا سمیس ئەم توێژینەوە کۆڵۆنیالیزمییە بەم شێوەیە وەسف دەکات: کە خودی وشەی توێژینەوە لەوانەیە یەکێک بێت لە پیسترین وشەکانی فەرهەنگی جیهانی ڕەسەن. لەزۆر بارودۆخدا کاتێک ناوی ئەم وشەیە دەهێنرێت، بێدەنگی بەدوای خۆیدا دێنێت و یادەوەری ناخۆش دێنێتە مێشک و خەندەیەک کە ئاماژەیە بۆ وشیاری و بێ متمانەیی لەسەر لێوەکان دروست دەکات. مرۆڤناسی وەک زانستێکی هەمەچەشنی مرۆڤ لەمێژە بەستەرێکی ونبووی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، بەتایبەتی لە حاڵەتی گەلانی خنکێنراو و کۆڵۆنیکراوی وەک کورد. کەیسی کۆڵبەرانی کورد بەشێوەیەکی بەرفراوان شایەتی ئەم ململانێ ئێپستیمۆلۆژی و سیاسییەیە لە بواری مرۆڤناسی و دەستێوەردانی سەربەستیخواز کە دەتوانێت ئەنجامی بدات بۆ دووبارە دۆزینەوەی ئەوەی نەبینراوە.