کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگاکانی مەرگ بەردەوام قوربانییان لێ دەکەوێتەوە/ کوژرانی ٧ کەس و برینداربوونی ٥٧ کەس لە یەک ڕۆژدا

10:40 - 22 خەزەڵوەر 2724

ناستانداربوونی ڕێگاوبان و لەلایەکی تریشەوە ناستانداربوونی ماشینەکان و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیم سەبارەت بەم بابەتە، ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی لە کوردستان بەرز کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، ڕووداوێکی هاتوچۆ لە سێڕێیانی پەهلەوان لە ٥ کیلۆمەتریی تیکاب بۆ سایین قەڵا لە ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەردا، کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی دوو کەسی دیکەی لێ کەوتەوە.

ئەم ڕوووداوە بۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جۆرەکانی پژۆ ٤٠٥ و پیکاب ڕووی داوە و دۆخی بریندارەکانیش ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

هەر لەم ڕۆژەدا و لە ڕێگای ورمێ بە هۆی وەرگەڕانی ماشینێکی لە جۆری پژۆ پێرشیا سێ هاووڵاتی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵەکان لە هەمان ڕۆژدا، لە دوو ڕووداوی هاتۆچۆدا، ١٠ کەس بریندار بوون. ڕووداوی یەکەم بە هۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جۆرەکانی پژۆ ٤٠٥ و پراید بووە و ڕووداوەکەی دیکە، بەهۆی لادانی ماشینێکی جۆری ئێڵ ٩٠ بووە.

بریندارەکانی ئەم ڕووداوە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

هەر لەم ڕۆژەدا، وەرگەڕانی ئوتووبوسێک لە قوروە، چوار کوژراوی لێ کەوتەوە.

لەم ڕووداوەدا کە لە ڕێگای سونقوڕ بۆ قوروە ڕووی داوە، ٤٢ کەس بریندار بوون، ٣٢ کەسیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی بەهەشتیی قوروە و ١٠ کەسەکەی دیکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کراون.

لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە شارەکانی کوردستان، ناستانداربوونی ڕێگاوبان و ماشینەکانە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم زۆربەی کاتەکان، هۆکاری ڕوودانی ئەم ڕووداوانە بۆ کەمتەرخەمیی شۆفێرەکان و ڕەچاونەکردنی یاساکانی هاتوچۆ دەگەڕێننەوە.

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە گیانی هاووڵاتییان لەلایەک و هەبوونی ماشینگەلێک کە کواڵیتییان نەماوە و کێشەگەلێکی وەک نەبوونی کیسەی هەوا، قایشی سڵامەتی و باقی پێداویستییە پێویستەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوانەن.