بەڕێوەبەری بەرنامەکانی "هاوپەیمانی دژی بەرنامەی ناوکیی ئێران" وتوویەتی، ئۆرگانە ئەمنییەکانی سپای پاسداران و بەیتی ڕێبەریی پڕن لە مەئموورانی مووساد و زۆرێکیان لە بەیتی ڕێبەری بۆ دەزگاکانی هەواڵگریی بیانی کار دەکەن یان مەیلیان هەیە لەلایەن ئەوانەوە بەکرێ بگیرێن.
بە وتەی ئەندامێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری فەرانسە، مووساد لە نێوخۆی ئێراندا چەند پێکهاتەیەکی هەیە کە توانای ئەوەیان هەیە لە هەر ساتێکدا کردەوەیەک ئەنجام بدەن.
هەواڵدەریی فەرانسە لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ئەو بابەتە، دوو فاکتەری ناڕەزایی و نەهامەتیی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی بە گرینگترین بەستێنی دزەی مووساد لە هەموو کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە ئێران زانی کە بووەتە سەرچاوەی نیگەرانیی هەموو سەرانی ڕێژیمی تاران.
ڕۆژی هەینی ١٩ی ئابان، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی ڕێژیم و ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، لە چاوپێکەوتنێکی دەگمەندا لەگەڵ دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە بابەتی دزەی دزگاکانی بیانی لە کۆماری ئیسلامی هۆشداری دا، بە وتەی ناوبراو ئەو بابەتە ڕیشەی لە ساڵانێک پشتگوێخستنی بەرپرسانی ڕێژیم هەبووە هەوڵەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئێرانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دزەکرنە بە ناسەرکەوتوو زانی.
کێنت کاتزمەن، کارناسی کاروباری ئێران لە کۆنگرەی ئەمریکا، بە هەواڵدەریی فەرانسەی وتووە، ئاستی ناڕەزاییەتی لە هەموو وەزارەتخانەکان، ئیدارەکان، سپای پاسداران، هێزی ئینتزامی، وەزارەتی ئیتلاعات و پارێزگارییەکان زۆر زیادە و تەنانەت لەنێو سیستمی دەسەڵاتدا ئامادەن لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە یارمەتیی ئیسرائیل بکەن، چونکە هەموویان دژی ڕێژێمی ئیسلامین.