کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەکەم هەنگاوی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزیندا هاوردەکردنی بەنزینی سووپێر ئازاد کرا

11:37 - 22 خەزەڵوەر 2724

هەواڵدەریی تەسنیم، بە پشتبەستن بە پەسەندکردنی هەیئەتی وەزیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئازادکردنی هاوردەکردنی بەنزینی سووپێری ڕاگەیاند.

هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: پێشبینی دەکرێت بەنزینی سووپێری هاوردەکراو لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بە نرخێکی نزیک لە نرخی جیهانی بفرۆشرێت.

شارەزایان پێیان وایە ئەم کارەی ڕێژیم هەنگاوی یەکەم بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینە و بەم نزیکانە بینەری گۆڕانی بنەڕەتی لە بەشەکان و هەروەها نرخی بەنزینی ئازاددا دەبین.

ڕەزا غەیبی ڕۆژنامەنووسی ئابووریناس لەسەر ئەم بڕیارنامەیە جەختی لەوە کردەوە کە بە هاوردەکردن و دابینکردنی بەنزینی سووپێر بە نرخی جیهانی، ڕێژیم خۆڕاگری کۆمەڵگا و کاردانەوەکانی خەڵک بەرامبەر بەو نرخە هەڵدەسەنگێنێ و بەو جۆرە ڕای گشتی بۆ گرانبوونی بەنزین ئامادە دەکات.

بە وتەی ئەم ڕۆژنامەنووسە ئابورییە، بەنزینی سووپێر خواستێکی گشتیی لەسەر نییە و دەوڵەت دەتوانێت بەبێ گوشاری هەڵاوسان نرخێکی نوێ لە بازاڕی بەنزین دروست بکات و لە هەنگاوێکی دیکەدا نرخی ئێستای بەنزین لەو نرخە نوێیە نزیک بکاتەوە.

هەروەها ڕەزا غەیبی ئاماژەی بە پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داهاتوو کرد و ڕایگەیاند، ڕێژیم بوودجەی هاوردەکردنی بەنزینی بۆ ساڵی داهاتوو کەم کردووەتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی ڕۆژانەی ناتەرازی، ئەم کارە بە مانای بەرزبوونەوەی ١٠٠ لەسەدیی نرخی بەنزین بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانیەتی.

ناتەرازیی بازار ئەو بابەتەیە کە مەسعوود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنێکدا لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا جەختی لەسەر کردەوە و وتی: ئێمە لە وڵات نەتەرازی وزەمان هەیە، و لە ئێستادا بە ٨ ملیار دۆلار بەنزین دەکڕین، بۆ نموونە ئێمە بەنزین بە نزیکەی ٣٠ یان ٤٠ هەزار تمەن دەکڕین و بە ١٥٠٠ تمەن دەیفرۆشین، تا کەی دەتوانین ئەم کارە بکەین؟

لە دوای گرانکردنی نرخی بەنزین لە ساڵی ١٣٩٨ کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ٥٤ شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ترسی لە بەرزکردنەوەی لە ناکاوی نرخی بەنزین هەیە و لە ئێستادا خەریکە بە بەرنامە و پیلان نرخی بەنزین بەرەو بەرز کردنەوە دەبات.