کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندوتیژیی چەندلایەنە لە دژی بەهاییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:56 - 22 خەزەڵوەر 2724

کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، لە نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئاڵمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناوی ''بێگانەکان: توندوتیژیی چەندلایەنە لەدژی بەهاییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە'' بڵاو کردەوە.

کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان لە دووتوێی ئەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی: ''ئەو توندوتیژییە لە سەردەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٣٥٧ـەوە هەتا ئێستا بۆ ماوەی ٤٥ ساڵە درێژەی هەبووە و ئازار و سەرکوتی بێبڕانەوەی لە هەموو لایەکەوە بەسەر بەهاییەکاندا سەپاندووە.

بە وتەی کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان، ئەو ڕاپۆرتە نیشاندەری ئەوەیە کە ئاخوندەکانی ئێران لە سەرەتای دروستبوونی ئایینی بەهاییەوە هەتا ئێستا، لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە ''پاساو بۆ هەڵاواردن و زوڵم و زۆری خۆیان بێننەوە'' و بەهاییەکانیان بە ''گڵاو'' لە قەڵەم بدەن، هەر بۆیە بەهاییەکانی ئێران بە درێژایی مێژوو، لەگەڵ جینایەت لە دژی مرۆڤایەتی لە بواری سەرکوتی ئایینییەوە، بەرەوڕوون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: ''سەرکوتی بەهاییەکان لە ئێراندا لەسەر ئەساسی ئیدئۆلۆژییەکی چەندلایەنەی ئایینی، سیاسی و مێژوویی بەڕێوە دەچێت، ئەو ئیدئۆلۆژییە دژایەتیی خودای لەگەڵ بیرۆکەی پیلان و هەستی نەتەوەخوازانە تێکەڵ کردووە، لە یاسای وڵاتیشدا گونجاندوویەتی و لە شێوەگەلی جیاوازدا هەڵاواردن و سەرکوتی بنەڕەتی کردووەتەوە''.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە؛ بە دروستبوونی ئایینی بەهایی لە ئێراندا لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە، هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا هەڵاواردن، ئازار و سەرکوتی لەڕادەبەدەریان ئەزموون کردووە بەتایبەت لە کاتێکی وەکوو ئەمڕۆدا، کە لە ڕێگەی توندوتیژیی زێدەڕۆیانە لە مافی ژیان بە شێوەی سیستماتیک، بێبەش کراون.

هەر لەو پێوەندییەدا کریستۆفێر ئێلێکساندێر، یەکێک لە توێژەرانی ئەو ڕاپۆرتە نووسیویەتی: سەرەڕای گوشاری حکوومەتەکان، خەڵکی ئێران بە شێوەی بەربڵاو لەگەڵ سیاسەتی هەڵاواردن لە دژی کۆمەڵگەی بەهاییەکان و بە هەوڵی بێوچان و فڕێدانی هەستی دژەبەهایی لە ئێراندا،''خۆڕاگریـ''ـیان کردووە و بەگشتی لە بەرامبەر پڕوپاگەندەی ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە خۆڕاگر و پشوودرێژ بوونە''.