لە جەنگەی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری تەناهیی میللیی عێراق سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی ڕێژیم، کۆ بوویەوە.
بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری تەناهیی میللیی عێراق، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، لەگەڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لەسەر هەندێک بابەت وەکوو، ''جەختکردنەوە لەسەر کەڵکوەرنەگرتنی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە''، کۆ بوویەوە.
هەر لەو ڕاستایەدا قاسم ئەعرەجی بەنیسبەت دیداری لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندی هێزی قودسی سپای پاسداران نووسیویەتی: لەم دیدارەدا، لەسەر پێویستیی پەرەپێنەدانی شەڕ و ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جەخت کراوەتەوە''.
شایانی باسە ڕاوێژکاری تەناهیی میللیی عێراق، لەو سەردانەیدا لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سەرۆکی شۆرای باڵای تەناهیی میللیی ڕێژیم، دیدار و چاوپێکەوتنی بووە.
هەرچەند ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە بارەی وردەکاری ئەو سەردانەی قاسم ئەعرەجییەوە زانیارییەکی ئەوتۆیان بڵاو نەکردووەتەوە و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەکی دیکە لەو بوارەوە خۆیان بواردووە بەڵام هەواڵدەریی ''ئاکسیوس''، بەپێی چەند سەرچاوەیەک ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە باس لەوە دەکات، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت لە وڵامدانەوەی هێرشی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە نیزامییەکانی، لە ڕێگەی خاکی عێراق و دەستوپێوەندییەکانی لەو وڵاتە، هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
ئەوە لە کاتێکدایە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەردا، ڕێژیم ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل لەو هێرشەدا ئاسمانی عێراقی بەکار هێناوە و دەوڵەتی عێراقیشی لەو بارەوە هانداوە بەنیسبەت بەزاندنی سنووری ئاسمانیی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سکاڵا تۆمار بکات.