کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلیم عەیاش یەکێک لە ئەندامانی تیمی تێرۆری حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا

12:22 - 22 خەزەڵوەر 2724

کاناڵی هەواڵی ئەلعەرەبییە، کوژرانی سەلیم جەمیل عەیاش، یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئەندامی تیمی تێرۆری ئەو گرووپەی، لە هێرشی ئاسمانیی ئەم دواییانەی ئیسرائیلدا، پشتڕاست کردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییەدا هاتووە سەلیم عەیاش، کە یەکێک لە گومانلێکراوانی سەرەکیی تێرۆری سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان بووە، لە هێرشی ئیسرائیل لە نزیکی شاری ئەلقەسیری سووریەدا، کوژراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، لە دوای تێرۆری ڕەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان، کە سەلیم عەیاش یەکێک لە ئەندامانی تیمی تێرۆری ناوبراو بە ئەژمار دێت، ئەمریکا بۆ دەسبەسەرکردنی، خەڵاتی ١٠ میلیۆن دۆلاری دیاری کردبوو.

شایانی باسە دادگای تایبەتیی لوبنان لە شاری لاهەی هولەند کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بە شێوەی دووربەدوور بۆ سەلیم عەیاش بە تۆمەتی تێرۆری ڕەفیق حەریری، دەر کردبوو.    

دواتر مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، سەرەڕای پێشوازی لەو بڕیارەی دادگا، کوژرانی ڕەفیق حەریری لەگەڵ ٢١ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٢٢٦ کەسی دیکەی لەو کردەوەدا، بە هەوڵی تێرۆریستی لە قەڵەم دابوو.

لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، کە کوژرانی ١٢٠٠ ئیسرائیلی لێ کەوتەوە، ئیسرائیل هێرشی خۆی بۆ سەر حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان، دەست پێ کردووە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠ کەس لە ڕێبەران، فەرماندە و کاربەدەستانی ئەو دوو گرووپە لەوانەش؛ حەسەن نەسرۆڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵا، یەحیا سینوار بەرپرسی نیزامیی حەماس، هاشم سەفیەدین جێگری حەسەن نەسرۆڵڵا و سەلیم عەیاش و دەیان کەسی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون.

شایانی باسە هەتا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، سێربێستان، لیتوانی، ئێستۆنی، لێتۆنی و ئۆستۆرالیا، حیزبوڵڵای لوبنان وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی دەناسن.