بەشی ژنان و بنەماڵەی ستادی ئەمر بە مەعرووفی تاران رایگەیاندووە کە لە هەوڵدایە تاکوو کلینیکێکی تایبەت بە مەبەستی "چارەسەرکردنی زانستی و دەروونناسانەی بێ حیجابی" بکاتەوە.
بە وتەی مێهری تالبی دارستانی، بەرپرسی ئەم بەشە، ئەم کلینیکە وەکوو بنکەکانی وازهێنان لە خووگری ئامادە کراوە و لە ڕاستیدا کلینیکێکە بۆ وازهێنان لە پرسی بەناو بەدحیجابی.
ڕۆژنامەی ئێعتماد لە زاری ئەم بەرپرسەی ڕێژیمەوە نووسیویەتی کە بە سەرنجدان بە گوشارەکانی دەوروبەر و هۆکارەکانی دیکە کە ژنان بۆ هەڵبژاردنی پۆششێک لە دەرەوەی حیجابی شەرعی هان دەدەن و پاش لێکدانەوە و کۆبوونەوەی پسپۆڕانە، بڕیار درا یەکەمین کلینیکی ڕاوێژکاری و پشتیوانی لە گەڕانەوە بۆ حیجاب لەژێر ناوی "کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی" لە تاران بکرێتەوە.
ئەم کلینیکە بڕیارە بە لاساییکردنەوەی کلاسەکانی خەبات بۆ پێشگرتن لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکیگەلێکی وەک ڕاوێژکاری تاکەکەسی، کۆبوونەوەی گشتی و وۆرکشۆپی فێرکاری لە بواری خۆناسین و مودیریەتی گوشارە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە ببات.
ڕێژیم بە دابینکردنی بوودجەی زۆر بۆ ستادی "ئەمر بە معروف و نهی از منکر" لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی گەڵاڵەی جۆراوجۆری فەرهەنگی و فێرکاری و گوشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەوڵی داوە ژنانی دژبەری حیجاب وەکوو کەسانی ناتەبا لەگەڵ نۆرمی کۆمەڵگە پێناسە بکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە ئیدئۆلۆژیکەی ڕێژیم، نافەرمانیی مەدەنی لە بەرانبەر پرسی حیجاب و پیشێلکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن توێژی ژنانەوە بەردەوامە.
کردنەوەی ئەم کلینیکە دوابەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە هەڵسوکەوتی ڕێژیم بە مەبەستی سازکردنی کێشەی دەروونی بۆ کچە خوێندکارەکەی زانکۆی علووم تەحقیقات هاتە ئاراوە.
لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ئاهوو دەریایی کچە خوێندکاری زانکۆی علووم تەحقیقاتی تاران، دوابەدوای گوشاری بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆ و دڕاندنی جلەکانی، لە نافەرمانییەکی مەدەنیدا جلەکانی لەبەر خۆی داکەند.
هێزەکانی ڕێژیم پاش دەسبەسەرکردنی ئەم کچە ڕایانگەیاند کە ناوبراو کێشەی دەروونیی هەیە و لە ناوەندەکانی تایبەت بە نەخۆشییە دەوونییەکاندا خستیانە ژێر چاوەدێرییەوە.