ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە لە وڵامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سووریە، بنکەی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانمان لە سووریە کردووەتە ئامانج .
فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سێنتکام، شەوی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە لە هێرشێکی ئاسمانیدا ٩ بنکەی سەر بە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمیان لە خاکی سووریە کردووەتە ئامانج.
لەو ڕاگەیەندراوەی سێنتکامدا جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە ئەو هێرشە، توانایی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ گەڵاڵەداڕشتن، بەرنامەڕێژی و هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە داهاتوودا، کەم کردووەتەوە.
ئەرتەشی ئەمریکا سەبارەت بە وردەکاریی زیاتری ئەو هێرشە لە بواری زیانی ماڵی و گیانییەوە، هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە لە لەندەن وتوویەتی: ''لەو هێرشانەی ئەمریکادا چەند بنکە لە پارێزگای دەیرەلزوور لە ڕۆژهەڵاتی سووریە کراونەتە ئامانج و لە ئاکامدا ٤ کەس کوژراون و ٩ کەسیش بریندار بوونە کە هەموویان سەر بە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانن''.
شایانی باسە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەمریکا چەندین جار بنکەی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی لە سووریە، لوبنان و عێراق کردووەتە ئامانج.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نزیک بە ٩٠٠ سەربازی لە سووریە و ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی دیکەی لە عێراقدا هەیە و ئەرکی دیاریکراوی ئەو هێزانە، ڕاوێژدان بە هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپی تێرۆریستیی داعشە.