کەمپەینی ''سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان'' هاوکات لەگەڵ پەیوەستبوونی بەندکراوانی بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان بەو کەمپەینەوە، پێی نایە نێو ٤٢ـەمین حەفتەی خۆیەوە.
ناوەندی مافی مرۆڤیی ئێران لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لەگەڵ پەیوەستبوونی بەندیخانەی ''دەستگرد''ی ئێسفەهان، کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بە بەشداریی ٢٥ بەندیخانە پێی نایە نێو ٤٢ حەفتەی مانگرتن لە خواردن.
لە بەیاننامەی حەفتەی ڕابردووی ئەو کەمپەینەدا بە ئاماژەدان بە سێبەری ڕەش و گرانی سێدارە لە سەر بەندکراوانی نێو سیاچاڵەکانی ڕێژیم، هاتووە کە چەرخی کوشتاری بەندکراوان کەم و زۆر بەردەوامە و کەمینەی تاڵانچیی دەسەڵاتدار بە سەر ئێرانەوە هەر لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە زیاتر لە ١٠٣ کەس لەوانەش ٢ ژنیان لە سێدارە داوە.
ئەو کەمپەینە جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری پزشکییانەوە زیاتر لە ٤٥٠ کەس لە سێدارە دراون و ئەوە تەنیا دەسکەوتی بەرچاو و لەهەمان کاتدا وەیشوومەی دەوڵەتی نوێی ئەو ڕێژیمەیە.
لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە سزای لەسێدارەدرانی ''وریشە مورادی'' بە تۆمەتی ''بەغی'' و چوار بەندکراوی دیکەی کورد بە تۆمەتی سیخوڕی و هەروەها بارودۆخی ناخهەژێنی چوار بەندکراوی عەرەب کە لە بەندیخانەی سپیداری ئەهواز سزای لەسێدارەدرانیان بەسەردا سەپاوە، کراوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە کەمپەین سەپاندنی سزای لەسێداردان بۆ ژنانێک وەکوو وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، هەر وەکوو سزای دەیان سزادراو بە لەسێدارە بۆ کەمینە نەتەوەییەکان وەکوو کورد، بەلووچ وعەرەب، لەگەڵ پێشێلکردنی مافی دەستپێڕاگەیشتنی دادپەوەرانەی وەکوو بارمتەگرتن بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەزانێت.
کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان بۆ جارێکی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ مەترسیی جێبەجێکردنی سزای بەندکراوان بە لەسێدارە هۆشداریی داوە و داوای لە چالاکانی سیاسی، ماڤی مرۆڤی و ... کردووە کە بۆ وەستاندن و هەڵوەشانەوەی سزای لەسیدارەدان لە ئێراندا هەوڵ بدەن.
هەتا ئێستا ٢٥ بەندیخانەی: نەغەدە، ورمێ، خۆی، سەڵماس، کامێران، مەریوان، بانە، سەقز، بەندیخانەکانی ئێڤین ''بەندی ژنان، بەندی ٤ و ٨ی پیاوان''، قزڵحەسار''یەکەکانی ٣ و ٤''، ناوەندی کەرەج، تاران، ئەراک، خوڕماوا، ئەسەدئاوای ئێسفەهان، شەیبانی ئەهواز، نیزامیی شیراز، بەم، کەهنووج، مەشهەد، قائێمشەهر، لاکان، ڕەشت، ئەردەبێڵ، تەورێز و دەستگردی ئێسفەهان، پەیوەست بە کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان بوون.