کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو دژبەری ڕێژیمی ئێران دەبنە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا

10:35 - 23 خەزەڵوەر 2724

دوو ڕۆژنامەی ''نیویۆرک تایمز و ڕۆیتێرز" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسیویانە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دەیەوێ مارکۆ ڕوبیۆ و مایک واڵتز، دوو دژبەری سەرسەختی ڕێژیمی ئێران، وەک وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشک سپی هەڵبژێرێت.

مارکۆ ڕوبیۆ سێناتۆری کۆماریخواز لە ئیالەتی فلۆریدا بە هەڵوێستە توندەکانی دژی چین، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێژیمەکانی ڤێنزوئێلا و کووبا ناسراوە. هەروەها سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین هاوڕای هەڵوێستەکانی ترامپە و دەڵێت ئەم شەڕە بە بنبەست گەیشتووە و پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە ڕێکەوتنێک بکرێت.

لە کاتی شەڕی غەززەدا مارکۆ ڕوبیۆ بەرگریی لە ئیسرائیل کرد و حەماسی وەک هۆکاری کوشتنی خەڵکی مەدەنی فەلەستین لە کەرتی غەززە ناساند.

هەروەها ڕۆیتێرز بە گێڕانەوە لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، دۆناڵد ترامپ نوێنەرێکی دیکەی کۆنگرەی ئەمریکای بە ناوی مایک واڵتز وەک ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی هەڵبژاردووە.

مایک واڵتز خانەنشینکراوی ئەرتەشی ئەمریکایە و لایەنگرێکی سەرسەختی دۆناڵد ترامپە، هەروەها ڕەخنەگرێکی سەرسەختی دەوڵەتی جۆ بایدێنە و ناوبراوی بە لاوازکردنی ئیسرائیل لە کاتی شەڕەکانی غەززە و لوبنان تۆمەتبار کرد.