حوسییەکانی یەمەن بە چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردە سەر دوو کەشتیی شەڕکەری هێزی دەریایی ئەمریکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشەیتێدپرێس، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە حوسییەکان بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی لانیکەم هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێنج مووشەکی دژە کەشتیی بالیستیک و سێ مووشەکی دژە کەشتیی کروزیان ئاراستەی دوو کەشتی کە بریتین لە یو ئێس ئێس ئستاکدیل و یو ئێس ئێس ئسپرۆنز کردووە.
بە وتەی پێت ڕایدەر، هێرشەکەی حوسییەکان بە سەرکەوتووانە بەرپەرچدراوەتەوە و هیچ زیانێکی نەبووە و هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدا ڕووی دا کە ئەم کەشتییانە بە گەرووی بابولمەندەبدا تێدەپەڕین و ئەم گەروویە ڕێڕەوێکی ئاوی تەسکە لە نێوان دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا، کە نزیکەی یەک هەزار میلیارد دۆلار کاڵای پێدا تێدەپەڕێت و حوسییەکان چەند مانگێکە ئەو کەشتییانەی کە لە ڕێگەی ئەم گەروویەوە تێپەڕ دەبن دەکەنە ئامانج.
لە بەرامبەردا هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چەندین هێرشی ئاسمانیی هاواهەنگیان بۆ سەر شوێنەکانی هەڵدانی مووشەکی حوسییەکان و کۆگاکانی چەکەکانیان دەست پێ کردووە و ئەمریکا هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن ڕێک خستووە، بەڵام هێرشەکانی حوسییەکان نەوەستاوە.
لەم پێوەندیەدا یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە پێشوەختە تۆمار کرابوو ئیدیعای کرد کە حوسییەکان بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو کەشتیی ئەمریکییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٣وە، حووسییەکان بە بیانووی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان زیاتر لە ٩٠ کەشتیی بازرگانییان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.