بەهۆی شەڕ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، سەرجەم سێزدە کەس کوژراون کە لەو ڕێژەیە دوو کەسیان ئیسرائیلی و یازدە کەسیان لوبنانین.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، ئیدارەی یارمەتیگەیاندنی ئیسرائیل ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشی ڕاکێتیی حیزبوڵڵاوە بۆ سەر کۆگایەک لە نزیکی شاری نهاریا لە باکووری ئیسرائیل، دوو پیاوی ئیسرائیلی کوژراون.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە هەمان ڕۆژدا لە ڕاگەیەندراوێکدا بەنسیەبت ئەو هێرشەدا بڵاوی کردووەتەوە: لە خاکی لوبنانەوە ١٠ ڕاکێت ئاڕاستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کراون کە هەندێکیان لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە و هەندێکیان ئامانجی خۆیان پێکاوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە؛ دەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسی لە ناوچەکانی ناوەندی ئیسرائیل وەکوو تێلاڤیڤ و فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆن لێ دراوە و ٣ ڕاکێتیان لەلایەن ئەرتەشەوە لە ئاسماندا، تەقێندراونەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسێکی نیزامیی لوبنان وتوویەتی: بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گوندێک لە ڕۆژهەڵاتی بەیرووت، ٥ کەس و لە هێرشێکی دیکەدا ٦ی کەسی تریش کوژراون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بەنیسبەت ئەو هێرشەی ئیسرائیلیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە ئەو شوێنانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، بنکەی حیزبوڵڵا نەبوونە بەڵام ئەرتەشی ئیسرائیل ئەو قسانەی بەدرۆ خستووەتەوە و ڕایگەیاندووە، حیزبوڵڵا ماڵی خەڵکی ئاسایی و ژن و منداڵ بەکار دەهێنێت بۆ خۆشاردنەوە و ئامانجی نیزامیی خۆی.
ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت و هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە، کە بە ناوچەکانی حیزبوڵڵا بە ئەژمار دێن، دەست پێ کرد و لە ڕێکەوتی ١٠ی هەمان مانگدا، هێرشی زەوینیی خۆی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.