کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر کاسبکارانی کوردستان بەردەوامە

12:06 - 23 خەزەڵوەر 2724

هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لە چەند گوندێکی ناوچەی پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەر کاسبکاران و دەستیان بە سەر چەندین سەر ئەسپدا گرتووە و کاسبکارانی ئەو ناوچەیان وەزاڵە هێناوە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاواییەکانی ماشکان، گردەسوور، زێوکە و ئەو شوێنانەی ئەسپ و وڵاخی کاسبکارانی تێدا بەخێو دەکرێت و دەستیان بە سەر چەندین سەر ئەسپی کاسبکاراندا گرتووە و ژینگەیەکی تۆقێنەریان بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.

بەپێی ئەو هەواڵە، لەلایەن ئەو هێزانەوە چەندین شوێنی ڕاگرتنی ئاژەڵ و چوارپێیان لەو ئاواییانەدا، پلۆمپ کردووە.

بەپێی سەرچاوەکانی ئەو هەواڵە، بڕیاری هەڵکوتانە سەر ئەو ئاواییانە و خەڵکی کاسبکار و زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیە، لەلایەن دادستانی پیرانشارەوە دەرکراوە.

شایانی باسە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هێرش کراوەتە سەر کاسبکارانی شارە سنوورییەکان بەتایبەت پیرانشار و لە ئاکامدا خەڵکێکی زۆریان نانبڕاو کردووە.