کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ڕێژیمی تاران زیاتر لە ئیسرائیل لە خەڵکی ئێران دەترسێت

20:42 - 23 خەزەڵوەر 2724

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامی خۆی ڕوو لە خەڵکی ئێران باسی لە ترسی کۆماری ئیسلامی لە خەڵکی ئێران و هەروەها لەنێوبردنی هیواکانیان کردووە.

بێنیامین نێتانیاهوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، بۆ جارێکی دیکە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڤیدیۆیەکی ڕوو لە خەڵکی ئێران بڵاو کردەوە و باسی لەو قەیران و کێشانە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە هێرشکردن بۆ سەر ئیسرائیل بۆ خەڵکی ئەم وڵاتەی دروست کردووە.

نێتانیاهوو لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە تێچووی دووهەمین هێرشی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی واتا "وەعدەی سادقی ٢"، ٢.٣ میلیارد دۆلار لە سامانەکانی خەڵکی ئێران بووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم هێرشە بەم تێچووە زۆرەوە خەسارێکی کەمی بە ئیسرائیل گەیاندووە زیادی کرد "کۆماری ئیسلامی دەیتوانی ئەم پارەیە بە بوودجەی پەروەردە یان هاتوچۆی ئێران زیاد بکات".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆ خەڵکی ئێران هۆشداریی داوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل، ئابووریی ئەم وڵاتە تا ئاستی وێرانبوونی تەواو دەڕوات.

نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ئیسرائیل و خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە "ڕێژیمی تاران زیاتر لە ئیسرائیل لە خەڵکی ئێران دەترست و بەهۆی ئەم ترسەیەوە هەموو ئەم تێچووانە و کاتە بە فیڕۆ ئەدات تاکوو بەم شێوەیە هیواکانی خەڵک لەنێو ببات و کۆنتڕۆڵیان بکات".

بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامەی نێتانیاهوو هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەنجامی هێرشی سێیەم واتا "وەعدەی سادقی ٣" بۆ سەر ئیسرائیل و وێدەچێت زیاتر لەوەی کە تەنیا پەیامێک بۆ خەڵکی ئێران بێت، هەڕەشەیەکە ڕوو لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

جێی ئاماژەیە کە بۆ وڵامی "وەعدەی سادقی ٢" واشینگتۆن بە گوشارخستنەسەر دەوڵەتی نێتانیاهوو، پێشی بە هێرشکردنە سەر بنکە نەوتی و ئەتۆمییەکانی ئێرانی گرت.