کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی پزشکییان: کرانەوەی کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی پێوەندیی بە ئێمەوە نییە

20:48 - 23 خەزەڵوەر 2724

هاوکات لەگەڵ کاردانەوە جیاوازەکان بە کرانەوەی کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی لە تاران، جێگری مەسعوود پزشکییان لە کاروباری ژنان و بنەماڵە، ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە لە دەوڵەتی چواردەیەمدا پەسەند نەکراوە و پێوەندییەکی بە دەوڵەتەوە نییە.

زەهرا بێهرووزئازەر، سەبارەت بە کرانەوەی ئەم کلینیکە ڕایگەیاندووە کە پرسی حیجاب، پرسێکی پەروەردەییە و دەبێ لە بنەماڵەوە دەست پێ بکات.

ڕۆژی سیشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، مێهری تالبی دارستانی، بەرپرسی بەشی ژنان و بنەماڵەی ستادی ئەمر بە مەعرووفی تاران، کردنەوەی کلینیکێک لەژێر ناوی "کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی"ی رایگەیاند و وتی: بە سەرنجدان بە گوشارەکانی دەوروبەر و هۆکارەکانی دیکە کە ژنان بۆ هەڵبژاردنی پۆششێک لە دەرەوەی حیجابی شەرعی هان دەدەن و پاش لێکدانەوە و کۆبوونەوەی پسپۆڕانە، بڕیار درا یەکەمین کلینیکی ڕاوێژکاری و پشتیوانی لە گەڕانەوە بۆ حیجاب لەژێر ناوی "کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی" لە تاران بکرێتەوە.

زەهرا بێهرووزئازەر لەمبارەەوە وتوویەتی: ئەم پرسە پرسێکی پەروەردەییە و دەبێ لە بنەماڵەوە دەست پێ بکات و ئێمە لە بەرنامەماندایە کە بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیی بنەماڵەکان بدەین.

لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی بەڵگەگەلێک لە وەزارەتی ڕێژیم، باسیان لەوە کرد کە دامەزراندنی ستادی عیفاف و حیجاب بۆ چاوەدێری و هاواهەنگیی ناوەندە پێوەندیدارەکان بە حیجابەوە لە دەستووری کاری دەوڵەتدایە.

لەلایەکی ترەوە، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا، قەرارگایەک بە ناوی ستادی ناوەندیی حیجاب و عیفاف پێک هات کە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ئەندامان و شوێنە سەرەکییەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕۆژنامەی ئێعتماد ساڵی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی هەندێک بەڵگەی نهێنی ڕایگەیاند کە ئەم ستادە یەکێک لە گرینگترین ناوەندەکانی چاوەدێری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پۆسشی دڵخوازە.

کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی بڕیارە بە لاساییکردنەوەی کلاسەکانی خەبات بۆ پێشگرتن لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکیگەلێکی وەک ڕاوێژکاری تاکەکەسی، کۆبوونەوەی گشتی و وۆرکشۆپی فێرکاری لە بواری خۆناسین و مودیریەتی گوشارە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە ببات.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە ئیدئۆلۆژیکەی ڕێژیم، نافەرمانیی مەدەنی لە بەرانبەر پرسی حیجاب و پیشێلکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن توێژی ژنانەوە بەردەوامە.

کردنەوەی ئەم کلینیکە دوابەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە هەڵسوکەوتی ڕێژیم بە مەبەستی سازکردنی کێشەی دەروونی بۆ کچە خوێندکارەکەی زانکۆی علووم تەحقیقات هاتە ئاراوە.

لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ئاهوو دەریایی کچە خوێندکاری زانکۆی علووم تەحقیقاتی تاران، دوابەدوای گوشاری بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆ و دڕاندنی جلەکانی، لە نافەرمانییەکی مەدەنیدا جلەکانی لەبەر خۆی داکەند.

هێزەکانی ڕێژیم پاش دەسبەسەرکردنی ئەم کچە ڕایانگەیاند کە ناوبراو کێشەی دەروونیی هەیە و لە ناوەندەکانی تایبەت بە نەخۆشییە دەوونییەکاندا خستیانە ژێر چاوەدێرییەوە.