کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ئەگەری چڕکردنەوەی گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران و ڤێنێزوئێلا لە ئارادایە

10:30 - 24 خەزەڵوەر 2724

هەواڵدەیی ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر لە شیکارییەکدا ئاماژەی بە ناساندنی وەزیرەکان و ئەندامانی کابینەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد و بەتایبەت هەڵبژاردنی مارکۆ ڕوبیۆ وەک وەزیری دەرەوەی، بە هەواڵێکی ناخۆش بۆ ڕێژیمەکانی ئێران و ڤێنێزوئێلا زانی.

ڕۆیتێرز لەم ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی: ''هەڵبژاردنی مارکۆ ڕوبیۆ بۆ وەزارەتی دەرەوە دەتوانێت نیشاندەری سیاسەتە توندەکانی گەمارۆی نەوتی لە دژی کۆماری ئیسلامی و ڤێنێزوئێلا بێت، هەرچەندە دەتوانێت چین ناچار بکات کاردانەوەی دژی ئەم سیاسەتە هەبێت.''

باب مێکناڵی، بەرپرسی شیرکەتی ڕاپیدان ئینێرژی، کە ڕاوێژکاری وزەی سەرۆکی پێشووی جۆرج بووش بوو، لەمبارەوە بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند: ''سیناتۆر ڕوبیۆ بە خۆڕاگریی بەرامبەر ڕێژیمی ئێران، ڤێنێزوئێلا و چین ناسراوە. بە جددییەتەوە پلانەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ گوشارخستنە سەر هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران کە نزیکەی هەمووی دەچێتە چین جێبەجێ دەکات.''

کوین بوک، شرۆڤەکاری سیاسەتی وزە، لەسەر ئەو باوەڕیە بەردەوامیی گەمارۆکان "مەترسیی تووڕەبوونی چین"ی بەدواوە هەیە، کە ڕەنگە بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بەرەنگاری ئەم سیاسەتەی ئەمریکا ببێتەوە.

ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە "سیاسەتی هێورکردنەوەی" دەوڵەتی بایدێن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڤێنێزوئێلا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی ئەم دوو وڵاتەی زیاد کردووە، بە جۆرێک ئەم دوو وڵاتە توانیویانە هەناردەی نەوتیان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکەنەوە کە بەشی هەرە زۆری ئەو نەوتە بۆ وڵاتی چین هەناردە دەکرێت.