ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە هێرشێکی ئاسمانی ناوچەیەکی سنووری لوبنان و سووریەی کردووەتە ئامانج، هەروەها میدیا حکوومەتییەکانی سووریەش لە بارەی ئەو هێرشەوە ڕایانگەیاندووە کە ژێرخانی سەرەکییان لەو ناوچەیە کراوەنەتە ئامانج.
هەروەها بەپێی ئاماری چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سووریە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە لە ناوچەی حومس ڕوویان داوە، ١٥ چەکداری سووریە و هێزە هاوپەیمانەکانی بریندار بوون. تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سووریە ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ناوچەی حومس بە بنکەی حیزبوڵڵای لوبنان دادەنرێت.
ئیسرائیل زۆربەی کات هیچ لێدوانێک سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نادات، بەڵام دوابەدوای ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریە، هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە: هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەواڵگریی سەربازی، ڕێگا قاچاخەکانی نێوان سووریە و لوبنانی کردووەتە ئامانج.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە : "ئەو ڕێگایانە کە لە سووریەوە بۆ لوبنان کێشراون، بۆ گەیاندنی چەک و تەقەمەنی قاچاخ بۆ حیزبوڵڵا بەکار دەهێنرێن.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی سانا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل پردەکانی ڕووباری "عاسی" و ڕێگاکانی دەورووبەری سنووری نێوان سووریە و لوبنانیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها بەگوێرەی ئەو سەرچاوە سەربازییە، هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی زیانێکی زۆر گەورە و هەندێک ژێرخان لەو ناوچەیە لەکار کەوتوون و پرد و خاڵە سەربازییەکانی سووریەش لەو بەشە لە کراونەتە ئامانج.