کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا

11:37 - 24 خەزەڵوەر 2724

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر شەش کەس لە تۆمەتبارانی "دۆسییەی ئێکباتان"دا سەپاند.

بابەک پاکنیا پارێزەری دادگا ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە میلاد ئارمون، عەلیڕەزا کەفایی، ئەمیرمحەممەد خۆش ‌ئێقباڵ، نەوید نەجاڕان، حەسەن نێعمەتی و عەلیڕەزا بەرمەرزپوورناک لەلایەن لقی ١٣ی دادگای تاوانەکانی ژمارە یەکی تاران بە "قەساس" سزا دراون.

بە وتەی ئەم پارێزەرە، بەرپرسی ئەم لقە، لەگەڵ ئەم حوکمەدا نەبووە و دەنگی کەمینەی دەرکردووە و دەتوانرێت داوای پێداچوونەوەی دووبارەی بۆ بکرێت.

سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا و دوای کوشتنی بەکرێگیراوێکی بەسیج بە ناوی "ئارمان عەلیوێردی" لە شارەکی ئێکباتان، لانیکەم ٥٠ گەنجی دانیشتووی شارەکی ئێکباتان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران. ١٤ کەسیان تۆمەتبار کران و دواجار ٨ گەنج تۆمەتبار کران بە کوشتن یان بەشداریکردن لە کوشتنی ئەم بەسیجییە.

بەپێی ئەو حوکمەی دەرچووە، ئەو کەسانە بە "موحاربە، بەشداریکردن لە کوشتنی بە ئەنقەست" و تێکدانی نەزمی گشتی" تۆمەتبار کراون.

چالاکانی مافی مرۆڤ و سیاسی و پارێزەرانی ئەو کەسانە ڕایانگەیاندووە کە دۆسییەی ئەو ناڕازییانە پێکناکۆکی زۆری هەیە و لە قۆناغە جیاجیاکانی دادگاییکردندا ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی ئەو کەسانە نەگیراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ٩ کەسی بە ناوەکانی "کومار کەرەمی، محەممەد قوبادلوو، موحسێن شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەد حوسێنی، ساڵح میرهاشمی، سەعید یاقووبی، مەجید کازمی و میلاد زەهرەوەند" لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لەسێدارە دراوە.