بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەتا ئێستا لانیکەم ٣١ قوتابی لە ئێراندا هەوڵی خۆکوژییان داوە.
ئەو ناوەندە مافی مرۆڤییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، لەو ڕاپۆرتەکەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆی ئەو ٣١ حاڵەتە خۆکوژیانەدا، ٢٦ قوتابی گیانیان لەدەست داوە.
کۆمەڵێک چالاکی مافی مرۆڤ لە ئێراندا وێڕای هۆشداریدان لەمەڕ بەردەوامیی بارودۆخی خۆکوژیی قوتابییان، ڕایانگەیاندووە؛ کە زۆرترین هۆکاری خۆکوژییەکان بەهۆی ''هەژاری، سەپاندنی پۆششی زۆرەملێ، ناکۆکی بنەماڵەیی، هاوسەرگیری زۆرەملێیـ''ـی، بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هەوڵی خۆکوژی تازەلاو و منداڵان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران لەوانەش؛ ''ورمێ، سنە، کرماشان، لوڕستان، ئێسفەهان، فارس، خوراسانی ناوەندی، تەورێز، خووزستان، گیلان و تاران''، ڕوویان داوە.
لەو پێوەندییەدا، ماڵپەڕی ''ئێمتداد'' لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە ئاماژەی بەوە کردبوو؛ لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٩٦ منداڵ بەهۆی: ''ناکۆکی بنەماڵەیی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، منداڵ هاوسەری، منداڵ بوون لە تەمەنی منداڵیدا''، خۆیان کوشتووە.
شایانی باسە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ''ئارەزوو خاوەری'' قوتابیی تازەلاوی خەڵکی شاری ''ڕەی''، بەهۆی گوشاری بەرپرسانی قوتابخانە و هەڕەشەی دەرکرانی و ''ئایناز کەریمی'' قوتابیی خەڵکی ''کازروون'' لە دوای دەرکرانی لە قوتابخانە بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی و بۆیەی نینۆک و ڕەنگکردنی قژەوە، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.