دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و سنە پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، مامۆستایەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی ڕزگار ڕەوشەنی و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی هێمن محەممەدی خەڵکی شاری سنە پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک لە دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕزگار ڕەوشەنی ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژە کە لە گرتنگەیەکی شاری ورمێ بەبێ مافی چاوپێکەوتن، پێوەندیگرتن و گرتنی پارێزەر، لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
هەروەها ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە سنە، هێمن محەممەدی دەسبەسەر و بۆ شووێنێکی نادیاری ڕادەگوێزن و ڕێگە نادەن کە لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی بگرێت.
تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەر دەستدا نییە و چارەنووسیان ناڕوونە.