فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا, سێنتکام ڕایگەیاندووە: هێزەکانی ئەمریکا کۆگایەکی چەکوچۆڵی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمیان لە سووریە کردووەتە ئامانج.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سەبارەت بە هێرشی ئەو هێزانە بۆ سەر کۆگایەکی چەکوچۆڵی گرووپ و میلیشیاکانی ڕێژیم لە سووریە، ڕایگەیاند: مەبەست لەو هێرشە وڵامی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە پایەگای ''شەدادی'' لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە بوو.
لە ڕاگەیەندراوی سێنتکامدا هاتووە، لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە پایەگای ''شەدادی'' لە سووریە سەرباز، دامەزراوە و هاوپشکەکانیان هیچ زیانێکیان بەر نەکەوتووە.
لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە: ئەو هێرشە توانایی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ بەرنامەڕێژی و ئەنجامی هێرش لە داهاتوودا دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش لە ناوچەکە سەقامگیر کراون، کەم دەکاتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ژنڕاڵ مایکێڵ کۆریلا، فەرماندەی سێنتکام، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە: ئێمە بە ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە بەرگەی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، هاوپشک و دامەزراوەکانی ناگرین و مافی بەرگریکردن لە خۆمان بە ڕەوا دەزانین.
ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لەپاڵ هاوپشکەکانی خۆیدا لە ناوچەکە، هەر جۆرە هەڕەشەیەک لە دژی هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمان، هاوپشک و ئەمنییەتی ناوچەکە بە جیددییەتەوە وڵام دەداتەوە.
شایانی باسە پێشتریش فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شەوی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردبووەوە لە هێرشی ئاسمانیدا ٩ بنکەی سەر بە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژمیان لە خاکی سووریە کردووەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو؛ لە وڵامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سووریە، بنکەی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانمان لە سووریە کردووەتە ئامانج .