کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ناوکیی ئێران لە هێرشی ئەم دواییانەی ئیسرائیل لەنێو چووە

10:32 - 26 خەزەڵوەر 2724

چەند بەرپرسێکی ئەمریکایی و ئیسرائیلی ئیدعای ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران لە ٥ی خەزەڵوەر ناوەندێکی لێکۆلینەوەی زۆر نهێنیی پەیوەندیدار بە چەکی ناوکی لە شاری پارچین، لەنێو بردووە.

ماڵپەڕی هەواڵدەریی ئاکسیۆس ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، ئەم بابەتەی لە زاری سێ بەرپرسی ئەمریکایی، بەرپرسێکی ئێستا و بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم ناوەندە چالاکە، زەربەیەکی توندی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی بواری نیزامیی لێکۆڵینەوەی ناوکی داوە.

ئەم دامەزراوەیە تا نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر بەشێک لە بەرنامەی چەکی ناوکیی ئێران بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕاگیرا. بە وتەی دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی ''ئای. ئێس. ئای. ئێس''، ئێران ئەم ناوەندەی بۆ تاقیکردنەوەی تەقەمەنی بۆ چالاککردنی ماشەی کڵاوەی ناوکی بەکار هێناوە.

وێنە ماهوارەییەکانی ئەو دامەزراوە نیشانی دەدەن کە دامەزراوەی تاڵەقانی ٢ لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بە تەواوی لەنێو چووە.

سەرچاوە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکانی ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئیدیعایان کردووە کە چالاکییەکانی ئەم دواییەی دامەزراوەی تاڵەقانی ٢ بەشێک لە هەوڵەکانی تاران بۆ لێکۆڵینەوەی دوو مەبەستەی نیزامی و غەیرە نیزامی بووە.

بەرپرسێکی ئەمریکایی وتوویەتی کە ئەم دامەزارەوەیە زۆر نهێنی و شاراوە بووە و جگە لە گرووپێکی بچووکی نێو دەسەڵات لە ئێران کەسی لێ ئاگادار نەبووە.