ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، لە یەکەمین سەردانیدا بۆ تاران لە دوای هەڵبژاردنی مەسعوود پزشکییان وەک سەرۆککۆماری ئێران، دوای دیدار لەگەڵ محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئەو وڵاتە، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنزی کرد.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، لەم سەردانەدا، بێهروز کەماڵوەندی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی یاسایی و مەجلسی ڕێکخراوی وزەی ناوکی و کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ ڕافائێل گرووسی بوون.
ڕافائێل گرووسی ڕۆژی پێمجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر دوای دیداری لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە سبەی واتە ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر قۆناغێکی زۆر گرینگی ئەم سەفەرەم دەبێت، چونکە پلانم هەیە سەردانی دامەزراوە گرینگەکانی فۆردۆ و نەتەنز بکەم، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەکی تەواو بەدەست بهێنم لەسەر پەرەسەندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
هەروەها عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەو دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە کە تاران ئامادەیە ئەو ناکۆکیانەی کە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ماون چارەسەر بکەن، بەڵام وتیشی کە ئامادە نین لەژێر گوشار و تۆقاندن دانوستان بکەن.
لەم پێوەندیەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز بە ئاماژەدان بە سەردانەکەی ڕافائێل گرووسی بۆ دوو بنکەی ناوکیی ئێران نووسیویەتی، سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بۆ تاران پێش گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی دوا دەرفەتی دیپلۆماسی پێش گوشارە دیپلۆماسییەکانی ئورووپا بۆ سەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێرانە.