ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی بەڵێنی بە دەوڵەتی بایدێن داوە کە هیچ هەوڵێک بۆ کوشتنی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئەنجام نەدات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوە ئەمریکاییە کە ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر بڵاوی کردووەتەوە، چەند بەرپرسی ئاگاداری ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕابردوودا بەڵێننامەیەکی نووسیوە و ڕادەستی دەوڵەتی بایدێنی کردووە.
کۆماری ئیسلامی لەم بەڵێننامەیەدا، گەرەنتیی بە دەوڵەتی بایدێن داوە کە هیچ چەشنە هەوڵێک بەمەبەستی کوشتنی دۆناڵد ترامپ ئەنجام نەدات.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە ئەم بەڵێننامەیە لە ڕێکەوتی ١٤ی ئۆکتۆبردا و سێ حەوتوو پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەلایەن تارانەوە ڕادەستی دەوڵەتی بایدێن کراوە.
ئەم ڕۆژنامە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسیویەتی: "نووسینی ئەم بەڵێننامەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ دەوڵەتی بایدێن پاش ئەوە بووە کە ئەمریکا لە نووسراوەیەکی نهێنیدا بۆ تاران، هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کردووە".
پەیامە نهێنییەکی ئەمریکا پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا هەڕەشەکان بۆ سەر گیانی ترامپ بە بابەتیكی گرینگی نەتەوەیی دەزانێت و بۆیە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ کوشتنی ترامپ وەک هەوڵێکی شەڕکەرانە بە دژی وڵاتی ئەمریکا دێتە ئەژمار.
جێی ئاماژەیە کە وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی دۆناڵد ترامپ بەیاننامەیەکی دەرکرد.
لەم بەیاننامەیەدا هاتبوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی ئەندامێکی سپای پاسدارانەوە بە ناوی "فەرهاد شاکری"، پیلانی بۆ کوشتنی دۆناڵد ترامپ داڕشتووە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا دەسبەسەرکردنی دوو تۆمەتباری ئەمریکایی کە پێوەندییان لەگەڵ فەرهاد شاکری هەبووە پشتڕاست کربووەوە و ڕایگەیاندبوو کە بە زووترین کات دادگایی ئەم کەسانە بەڕێوە دەچێت.