لە نوێنترین پێڕستی گەمارۆکانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای گەمارۆی نوێ لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بۆ سەر چەند کەس و ناوەندی نوێی ڕێژیم کە پێوەندییان بە هاوکاریی نیزامیی ئێران و ڕووسیەوە هەیە، کەشتیوانیی ڕێژیمیش لە نێو پێڕستی گەمارۆکاندایە.
پێڕستی گەمارۆی نوێ یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، بخرێتە دەنگدانەوە، یەکیەتیی ئورووپا هۆکاری گەمارۆخستنە سەر کەشتیوانیی ڕێژیمی گەڕاندووەتە بۆ ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا پاپۆڕەکانی ڕێژیم بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ کەڵکیان لێ وەرگیراوە.
لە پێڕستی نوێی گەمارۆکانی ئورووپا بۆ سەر ڕێژیم چەند کەس و ناوەندێک وەکوو سەید حەمزە قەلەندەری، جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیم، فەرماندەی قەرارگاکانی قودس و خاتەمۆلئەنبیا و هێزی ئاسمانیی هەوافەزای سپای پاسداران لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای فڕۆکەسازیی ئێران و دامەزراوەی هەوافەزای ڕێژیمی تێدایە.
شایانی باسە پێشتریش یەکیەتیی ئورووپا بەهۆی بەشداری لە گواستنەوەی مووشەک، دڕۆن و چەکوچۆڵی دیکە لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیە بەنیسبەت بەشداری لە شەڕی ڕووسیە لە دژی ئۆکراین گەمارۆی خستبووە سەر هەرێمی ئاسمانیی ڕێژیم و هەر سێ فڕۆکەی ئێران ئەیر، ماهان ئەیر و ساها ئەیرلاینز.
هەر لە پێوەندییەدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە دەست لە گەمارۆی ئاسمانی هەڵگرن و وتوویەتی: ''هەڵەی گەمارۆ خستنەسەر هەرێمی ئاسمانیی ئێران بە زووترین کات قەرەبوو بکەنەوە'' و لە وڵامدا دوو بەرپرسی باڵای یەکیەتیی ئورووپا ڕایانگەیاندووە، گەمارۆی ئەو ناوەندانە بەپێی زانیاریی ورد، ڕەچاو کراوە.