گرانبوونی شتومەکی خۆراکی لە ئێراندا بە ڕادەیەک چووەتە سەرێ کە نرخی یەک کیلۆ تەماتە بووەتە زیاتر لە ٧٠ هەزار تمەن.
ماڵپەڕەکانی ڕێژیم باسیان لە چوونەسەرەوەی نرخی تەماتە کردووە و بڵاویان کردووەتەوە کە لە ئیستادا نرخی هەر یەک کیلۆ تەماتە، زیاتر لە ٧٠ هەزار تمەنە و لەو بوارەوە جێگری وەزیری کشتوکاڵ نووسیویەتی: مەیکڕن، هەرزان دەبێت''.
ئەکبەر فەتحی، جێگری وەزیری کشتوکاڵ، لەهەمبەر گرانبوونی تەماتە، ڕایگەیاندووە: تەماتەی نیوخۆ لە نیوەی مانگی سەرماوەزدا بەرهەم دێت و دەچێتە بازاڕەوە و نرخەکەی دادەبەزێت.
ماڵپەرەکانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە نرخی تەماتە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بەرز بووەتەوە و لە تەڕەبارەکاندا کیلۆیەکی بە ٣٥ هەزار تمەنە و لە دووکانەکاندا بە کیلۆیەک زیاتر لە ٧٠ هەزار دەدرێت بە خەڵک.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە شاری مەشهەد یەک دانە تەماتە بە ١٨ هەزار تمەن فرۆشراوە.
نرخی شتومەکی خۆراکی لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگاش توانای کڕینی هەندێک پێداویستیی ڕۆژانەیان نییە و هەژاری، نەداری، بێکاری و گرانی بڕستی لە خەڵک بڕیوە و توانای کڕین بە ئاستێکی زۆر چاوەڕواننەکراو دابەزیوە.