کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی سەرەتایی مای ساتۆ سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران

11:09 - 12 خەزەڵوەر 2724

ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەر، ڕاپۆرتی سەرەتایی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ڕادەستی کۆمیتەی مافی مرۆڤی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

مای ساتۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە حەوتەمین ڕیپۆرتێرە کە چاوەدێریی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات ڕایگەیاند :"ئەرکی خۆی بە پێبەندیی بە سەربەخۆبوون، بێلایەنی و ڕاستگۆییەوە ئەنجام ئەدات".

ناوبراو زیادی کردووە، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکەی لە سەر سێ تەوەری مافی ژیان، ڕوانگەی ڕەگەزی و ڕوونبوونی داتاکان چڕ بووەتەوە و بە شێوەی تاک بە تاک سەبارەت بە هەر یەک، بەرچاوڕوونی خستە ڕوو.

ساتۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە لەو کاتەوە کە وەک ڕێپۆرتێری تایبەت دەستی بە کار کردووە ڕێژەی لەسێدارەکان بە شێوەی بەرچاو زیادی کردووە ڕایگەیاند، سزای سێدارە، کەڵکوەرگرتنی کوشەندەی کۆماری ئیسلامی لە هێز و کوشتنی دەسبەسەرکراوان لە کاتی لێکۆڵینەوە، ئەو بابەتانەن کە لە تەوەری مافی ژیاندا باسی لێ کردوون.

ناوبراو زیادی کردووە کە لە تەوەری ڕوانگەی ڕەگەزیدا ئایین، یاساکان، نەتەوەکان، فرەچەشنیی کولتووری، دابونەریتەکان و پرسی ڕەگەزیی خستووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە.

ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی دیکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە ڕوانگەی مافی مرۆڤییەوە دۆخی ژنان و کچان لە ئێران خراپتر بووە و بە ئاماژەدان بە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئێران لەو چەند وڵاتەیە کە کۆنوانسیۆنی لابردنی هەڵاواردن دژ بە ژنانی واژۆ نەکردووە.

مای ساتۆ لە کۆتاییدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە بە هۆی دەستپێڕاگەیشتنی کەم بە ڕاپۆرتە فەرمییەکان لە ئێران، هەڕەشە لە قوربانییان و بێدەنگکردنی بنەماڵە مافخوازەکان لە ڕێگەی تۆقاندنەوە، ڕادەستکردنی ڕاپۆرتێکی ورد و دروست لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەستەمە و زیادیشی کردووە کە خوازیاری سەردانی ئێرانە بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچ وڵامێکی بەم داخوازییەی ناوبراو نەداوەتەوە.