کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوای "کۆتاییهێنان بە پارێزراوبوونی ئەنجامدەرانی تاوانەکان دژی ڕۆژنامەوانان"ی کرد

10:16 - 13 خەزەڵوەر 2724

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی "ڕۆژی جیهانیی کۆتاییهێنان بە پارێزاوبوون لە سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانەکان دژ بە ڕۆژنامەوانان"، نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی توندوتیژی و هێرشەکان دژی ڕۆژنامەوانان لە سەرانسەری جیهان دەربڕی و داوای کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لێپرسینەوەیان لێ بکرێت .

لیندا تۆماس گرینفیڵد جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژنامەونان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بە تایبەت ئەو ناوچانەی شەڕی تێدایە وەک غەززە و سوودان و ئۆکراین لە ڕێگەی ڕاپۆرتکردنی ڕاستییەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

بە وتەی تۆماس گرینفیڵد، ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٨٠٠ ڕۆژنامەوان لە ٤٥ وڵاتدا دەسبەسەر کراون و زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژنامەوان تا ئێستا لە زیندان یان لە ماڵەکانیان بەند کراون.

باڵیۆزی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە ئامارەکانی یونسکۆ کرد و ڕایگەیاند کە لە کۆی زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ قەتڵی ڕۆژنامەوانان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، لە هەر ١٠ تاوانبارێکی ئەو تاوانانە تەنیا یەکێکیان سزا دراوە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژنامەوانان دەبێ بتوانن بەبێ ترس لە چالاکییەکانیان بەردەوام بن و بە بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان یارمەتیدەری باشترکردنی جیهان بن.

لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا، ڕێکخراوی "کەمپینی مافی مرۆڤ لە ئێران" باس لەوە دەکات کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵی زایینی لانیکەم ٣٤ ڕۆژنامەوان و چالاکی میدیایی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها بەدواداچوونەکانی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە نیشانی دەدات کە لە ١١ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ـەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٨١ دۆسییەی دادگا لە دژی ڕۆژنامەوانان و پەیامنێران و چالاکانی بواری ڕاگەیاندن تۆمار کراوە.