کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی خۆبرگانی ڕێژیم سێ کەسی بۆ جێگرەوەی عەلی خامنەیی دیاری کردووە

11:59 - 26 خەزەڵوەر 2724

ئەبولحەسەن مەهدەوی، پێشنوێژی هەینیی ئێسفەهان و یەکێک لە ئەندامانی مەجلیسی خۆبرگان ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا سێ کەس بۆ جێگرەوەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، دیاری کراوە.

مەهدەوی ٢٥ی خەزەڵوەر لە وتاری نوێژی هەینیی ئێسفەهاندا وتی: "پاش پێشنیاری عەلی خامنەیی بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ ڕێبەریی داهاتووی دەسەڵاتی ئیسلامی، مەجلیسی خۆبرگان لە کۆمیسیۆنێکی نهێنیدا سێ کەسی دیاری کردووە".

بابەتی جێگرەوەی خامنەیی بەتایبەتی لە یەک ساڵی ڕابردوودا زەق بووەتەوە و بە وتەی چالاکانی سیاسی، حکوومەت لەهەوڵدایە تاکوو موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی بۆ ڕێبەریی ڕێژیم دیاری بکات.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، مەجلیسی خۆبرگانی ڕێژیم دەبێت کەسێک بۆ ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی دیاری بکات کە بە پلەی "ئێجتهاد" لە مەزەبی شیعەدا گەیشتبێت.

ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ هەواڵدەریی "ڕەسا" سەر بە حەوزەی علمییەی قوم لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە دەسپێکی کلاسەکانی وانە وتنەوەی موجتەبا خامنەیی لە وانەکانی "دەرەوەی فێقهـ و ئوسوول" کردبوو.

ئەم هەواڵدەرییە بۆ یەکەم جار لەم هەواڵەدا کوڕی خامنەیی بە "ئایەتوڵلا" ناو برد.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا عەباس پالیزدار ئەندامی پێشووی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "دیدەبان" ڕایگەیاند کە موجتەبا یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ جێگرەوەی عەلی خامنەییە.

جیددیبوونەوەی بابەتی جێگرەوەی موجتەبا لە پاش باوکی، دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیم لە هەموو کاتێکی دیکە زەقتر بووەتەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانی مەجلیسی خۆبرگان بۆ ڕێبەریی ڕێژیم بوو.