کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەگەری چڕکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ترامپەوە هەناردەی چڕبوونەوە گازییەکانی ئێران بۆ چین و ئیمارات ڕادەگیرێت

12:21 - 26 خەزەڵوەر 2724

 

شرۆڤەکارانی دامەزراوەی ڕاوێژکارانی بازاڕی نەوت و گاز دەڵێن، ئەگەر دۆناڵد ترامپ، گەمارۆکانی واشنگتۆن بۆ سەر تاران توندتر بکاتەوە، ڕەنگە هەناردەی چڕکردنەوە گازییەکانی ئێران بۆ چین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کەم ببێتەوە، بەڵام هەناردەکردن بۆ ڤێنێزوئێلا بەردەوام دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕاوێژکارانی بازاڕی نەوت و گاز، ئێران لە ئێستادا ڕۆژانە ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی گازی هەناردە دەکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چین، ڤێنێزوئێلا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕەوانە دەکرێت.

بە وتەی ئیمان ناسری، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی ڕاوێژکارانی بازاڕی نەوت و گاز FGA، ئەگەر دۆناڵد ترامپ، گەمارۆکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران توندتر بکات، ئەمە دەتوانێت هەناردەی بەرهەمی گازی ئێران بۆ ئیمارات و چین کەم بکاتەوە یان تەنانەت بە تەواوی ڕابگرێت. بەڵام بە وتەی ناوبراو، هەناردەکردنی چڕبوونەوەی گازی ئێران بۆ ڤێنێزوئێلا بە نزیکەی ٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەردەوام دەبێت.

بەو پێیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمییەی کە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی ئێرانەوە دروست بووە، پڕۆژەکانی قەتەر و عەرەبستان لە ساڵی ٢٠٢٦ەوە چڕبوونەوەی گاز زیاد دەکەن.

بەرھەمھێنانی چڕبوونەوەی گاز لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژێکدا نزیکەی دوو ملیۆن و نیو بەرمیلە، کە بەرابەر بە نزیکەی ٤٠٪ی دابەشکردنی گازی جیهانییە، کە زۆربەیان لە کێڵگە گازییەکانی قەتەر و عەرەبستانی سعوودیەوە دابین دەکرێن.