ئەنجومەنی بنەماڵە مافخوازەکانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٩٨، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاماژەیان بە تاوانەکانی پێنج ساڵی ڕابردوو لە ئێران کرد و جەختیان لە بەردەوامیی تێکۆشان کرد و نووسیان: "تا کۆماری ئیسلامی خاک و ژیانی ئێران قۆرخ بکات، ئەوە خەزەڵوەر هەر بەردەوام دەبێت."
ئەم ئەنجومەنە بە ئاماژەدان بەو پێنج ساڵەی کە بەسەر ڕووداوەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا تێپەڕیوە، نووسیویەتی: لەو ماوەیەدا هەزاران تاوانی دیکەمان لە کۆماری ئیسلامی بینی. لەم ساڵانەدا ئازیزانمان دەبەن بۆ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان و بە کوشتن و ئازاردان تا ئەمڕۆش هێڵی خەزەڵوەری ٩٨یان بە سەر لاپەڕەی ڕەشی تۆمارەکانیان کێشاوە.
هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دوای ساڵی ٩٨ خەباتی مافخوازان و خەڵک هەر لە یەکەم ڕۆژی خەزەڵوەرەوە، تا بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بە یەک ساڵی ڕابردوو کردووە و هاتووە کە ساڵی ڕابردووشدا وەک هەموو ئەو ساڵانە گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەماڵەی مافخوازەکان بەردەوام بووە. دایکانی مافخواز بە لێدان قامچی و زیندانیکردن و باوکان بە زیندانیکردن و دوورخستنەوە بۆ شارەکانی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە سزا دراون.
هەروەها لە بەشێکی دیکەدا ئەوان بە ئاماژەدان دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەش گەنجی خەڵکی ئێکبەتانی تاران، و چەندین ژنە زیندانی سیاسی وەکوو وریشە مورادی و بەردەوامیی زیندانیکردنی زەینەب جەلالیان و فاتمە سپێهری و گیانلەدەستدانی کۆڵبەرەکان و سووختبەرەکان، ڕایانگەیاندووە کە "خەزەڵوەر تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی خاک و ژیانی ئێمە قۆرخ بکات، بەردەوام دەبێت.
هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی بنەماڵە مافخوازەکاندا هاتووە کە "ئێمە تا کۆتایی وەستاوین".
ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی نرخی بەنزین لە ئێران سێ هێندە زیاد کرا. ئەم بڕیارەی شۆرای باڵای هاواهەنگیی ئابووریی و سەرۆکی سێ دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لێکەوتەوە و دەزگا ئەمنییەکان و سەرکوتکارەکانی ڕێژیم بە پچڕانی ئینتەرنێت و کوشتنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران لە ماوەی کەمتر لە یەک حەفتەدا ئەم ناڕەزایەتییانەیان سەرکوت کرد.
عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزلی، وەزیری ئەو کاتی ئێران، ژمارەی قوربانییانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی بە ٢٠٠ بۆ ٢٢٥ کەسی ڕاگەیاند. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کوژرانی لانیکەم ٣٠٤ کەسی بە بەڵگە کردووە و ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بەپێی زانیاری سێ بەرپرسی وەزارەتی نێوخۆی ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوو حەفتەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی خەزەڵوەردا کوژراون، بە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس ڕاگەیاند.