دوو ئەنجومەنی دەروونناسی لە ئێران و ئەنجومەنی زانستیی ڕەوان دەرمانی لە ئێران، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕوو لە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە "کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە دەروونناسی و ڕەوان دەرمانی بوەستێنن."
لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژە بە تێکدانی بیروڕای گشتی و نیگەرانیی پسپۆڕانی بواری تەندرووستیی دەروون هاتووە کە بۆ یەکەمین جار لە وڵاتدا، بە هەوڵی ئیدارەی ژنان و بنەماڵەی ستادی ئەمری بە مەعرووف، کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی لە تاران و بە ئامانجی چارەسەرکردنی زانستی و دەروونناسانەی بێ حیجابی تایبەت بە تازەلاوان، لاوان و ژنانێک ژنان دەکرێتەوە.
ئەم دوو ئەنجومەنە بوون یا نەبوونی حیجابیان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناو بردووە و کەڵکوەرگرتن لە وشەکانی "کلینیک" و "وازهێنان" کە حیجاب وەکوو کێشە و نەخۆشی ناو دەبات لە بواری زانستییەوە ڕەت دەکەنەوە و ئەمە بە نموونەی ئاشکرای کەڵکوەرگرتنی خراپ لە دەروونناسی و ڕەوان دەرمانی دەزانن.
پێشتریش محەممەد موەکل، دادستانی گشتیی ڕێژیم، دیاردەی بەناو بەدحیجایی وەک نەخۆشی و کێشە ناو بردبوو و خوازیاری کردنەوەی دۆسییە بۆ ئەو کەسانە بوو کە پۆششی دڵخوازیان هەیە.
بەشی ژنان و بنەماڵەی ستادی ئەمری بە مەعرووف لە ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەردا ڕایگەیاند کە لە هەوڵدایە تاکوو کلینیکێکی تایبەت بە مەبەستی "چارەسەرکردنی زانستی و دەروونناسانەی بێ حیجابی" بکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ کاردانەوە جیاوازەکان بە کرانەوەی کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی لە تاران، جێگری مەسعوود پزشکییان لە کاروباری ژنان و بنەماڵە، ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە لە دەوڵەتی چواردەیەمدا پەسەند نەکراوە و پێوەندییەکی بە دەوڵەتەوە نییە.
گەڵاڵەی کردنەوەی ئەم کلینیکە کاردانەوەی زۆری بە دواوە بووە و کارناسان و چالاکی مەدەنی ئەمە بە یەکێک لە گەڵاڵەکانی ڕێژیم بۆ ناچارکردنی ژنان بە ڕەچاوکردنی حیجابی دڵخوازی خامنەیی و دەستەوداوێنبوونی زانست بۆ بەرەپێشبردنی ئامانجە ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆی دەزانن.