ژنانی بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی ئێڤین بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک خوازیاری هەڵوەشانەوەی هەموو سزاکانی لەسێدارەدان بۆ بەندکراوانی سەرتاسەری ئێران بوون.
لەم نامەیەدا کە ڕوو لە دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی نووسراوە، سەرکوتی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و عەقیدەتی بە "دوژمنکارانە، بێ شەرمانە و سەروو یاسایی" ناو براوە.
بەندکراوانی سیاسیی ئەم بەندیخانەیە داوایان لە مافناسان، چالاکانی سیاسی، مەدەنی، سێنفی، چالاکانی بواری ژنان، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکان کردووە کە لە بەرانبەر ئەم دۆخە کاردانەوەی چالاکیان هەبێ و نەهێڵن هیچکام لە مەحکوومکراوان بە سێدارە لەوانە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، ببنە قوربانیی تۆڵەکردنەوەی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی خەڵكی ئێران.
ئەم ژنانە کاردانەوەیان بە سزای سەپێندراو دژی وریشە مورادی نیشان داوە و ئەمەیان بە سزایەکی نادادپەروەرانە زانیوە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەم سزایە بە دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، نەبوونی بەڵگەی پێویست و پاش ١٥ مانگ لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و کەموکۆڕی لە دۆسییەکە، دەر کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە ژنانی بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئێڤین لە حەوشەی بەندی ژنان دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە.