هاوکات لەگەڵ کاردانەوە بەربڵاوەکان بە کرانەوەی کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی، بەرپرسانی ڕێژیم باس لە تەرخانکردنی بوودجەی میلیاردی بۆ ئەم کلینیکە دەکەن.
مێهری تالبی دارستانی، بەرپرسی بەشی ژنان و بنەماڵەی ستادی ئەمر بە مەعرووفی تاران ڕایگەیاندووە کە ئەم کلینیکە لەمێژە کارەکانی خۆی دەست پێ کردووە و تاکوو ئێستا ٢٥٥ میلیارد تمەن بوودجەشی وەرگرتووە.
١٠٠ میلیاردی ئەم بوودجەیە تایبەت و ١٥٥ میلیاردیشی بوودجەی گشتییە.
ڕۆژنامەی ئێعتماد لە چاپی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەردی خۆیدا، لە بابەتێکدا لەژێر ناوی "کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی یان پێشەکیی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی حیجاب" نووسیویەتی کە ئەم کلینیکە لەژێر چاوەدێری مێهری تالبی دارستانی دامەزراوە و خۆی لە پشتەوەی ئەم گەڵاڵەیە.
ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: بیرەکە نەگەیشتە ئاو بەڵام بۆ گرووپێک تا بتهەوێ نانی هەبوو. ئەم ڕستەیە مانای ڕاستەقینەی ئەم جۆرە گەڵاڵانەیە. گەڵاڵەگەلێک کە بۆ وڵات ئاویان نییە بەڵام سفرەی هەندێ کەس باش پڕ دەکەنەوە."
ئەم نووسینەی ڕۆژنامەی ئێعتماد، نیشانی دەدات کە ئەم جۆرە گەڵاڵانە جیا لەوەی کە لە ڕاستای سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمدان، لەلایەکی دیکەشەوە، بوونەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەرپرسانی ڕێژیم باشتر بتوانن گیرفانی خۆیان بە بوودجەی دیاریکراوی ئەم گەڵاڵانە پڕ بکەنەوە.