ناڕوونی لە نرخی باجی گومڕکیی هاوردەکردنی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆن بووەتە هۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی نرخی ئەم مۆدێلە لە بازاڕەکانی ئێران.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکرانی هاوردەکردنی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆن لە حەفتەی ڕابردوودا تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە دەوڵەت چ نرخێک بۆ باجی گومڕگیی ئەم کاڵا پەسەند دەکات.
سەرچاوەکانی سەر بە ڕێژیم پێشتر باسیان لە باجی ٩٦ لە سەدی کردبوو بەڵام پاش لێکەوتەی زۆر سەبارەت بەم بڕیارە بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وێدەچێت دەوڵەت لە هەوڵدایە تاکوو نرخی ئەم باجە کەمتر بکاتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا عەبدولناسر هێممەتی وەزیری ئابووریی دەوڵەت، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە کە باجی ٩٦ لەسەدی پەسەندکراوی دەوڵەت نەبووە و پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.
بەپێی ئەزموونەکانی ڕابردوو، یەکێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەسەندکردنی بڕیارە ناڕەواکان ئەوەیە کە سەرەتا لە ڕێگەی میدیاکانەوە بڕیاڕەکە بڵاو دەکەنەوە پاشان چاوەڕێی چۆنییەتی کاردانەوەی کۆمەڵگا دەبن و ئەو کات بڕیاری کۆتایی پەسەند دەکەن.
لە ئێستادا ناڕوونی لە نرخی ئەم باجەدا، نرخی مۆبایلەکانی ئایفۆنی لە بازاڕدا تووشی دابەزین و بەرزبوونەوە کردووە.
ساڵی ١٤٠١ دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی هاوردەکردنی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆنی ١٤ و بۆ سەرەوەی بە هەموو شێوەیەکی بازرگانی و موسافری قەدەغە کرد بەڵام لە ئێستادا دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان لە هەوڵدایە تاکوو بە ئازادکردنی هاوردەکردنی ئەم جۆرە مۆبایلە، داهاتێکی زیاتر لە چاو ڕابردوو لەم ڕێگەوە بەدەست بێنێت و بەشێک لە کەمیی بوودجەی پێ قەرەبوو بکاتەوە.
دەوڵەتی چواردەیەم پێشبینی داهاتی ٢٥ هەزار میلیارد تمەنی لە هاوردەکردنی مۆبایل بۆ گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤ی کردووە.
جێی ئاماژەیە کۆماری ئیسلامی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لەژێر ناوی پێشگرتن بە قاچاخی مۆبایل، گەڵاڵەی ڕێجیستریکردنی مۆبایلە هاوردەکانی دەست پێ کرد و ساڵانە داهاتی چەند هەزار میلیاردیی لەم ڕێگەوە بە دەست هێناوە.