دوەڵەتی ترامپ بەنیازە سیاسەتی ''گوشاری لە ڕادەبەدەری'' بە گەمارۆی توندتر دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیندوو بکاتەوە. ئەم سیاسەتە بە مەبەستی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ناچار بکات بەرنامەی ناوکی و پشتیوانی لە گرووپە نیابەتییەکان ڕابگرێت.
دۆناڵد ترامپ، بۆ گەڕانەوە بۆ سیاسەتی گوشاری لە ڕادەبەدەری لە دژی ئێران پلانێکی تۆکمەی هەیە. ئامانج لەم سیاسەتە لە ڕێگەی گەمارۆی توندترەوە کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی ئێرانە، بەتایبەتی لە کەرتی نەوتدا.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، تیمی گواستنەوەی ترامپ بەنیازە سزایەک بسەپێنن کە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چەند سەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە.
شارەزایەکی ئەمنییەتی نەتەوەیی نزیک لە تیمەکەی ترامپ ڕایگەیاند: سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێداگرە کە ئێران بەرەو فەلەج بوون ببات هەتا بیهێنێتەوە سەر مێزی وتووێژەوە.
ئێران کە لە ساڵانی ڕابردوودا چالاکییە ناوکییەکانی پەرە پێداوە، هەروا لە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستێکی نزیک لە دروستکردنی چەک بەردەوامە. ترامپ و تیمی ئەمنییەتی نەتەوەیی پێیان وایە گوشارە ئابورییە توندەکان دەتوانێ تاران ناچار دەکات مەرجی توندتر بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ قەبووڵ بکات.
گەمارۆ نوێیەکان لە کاتێکدایە کە ئێران لە پاڵپشتی چین لە هەناردەکردنی نەوتی خۆیدا سوودمەند دەبێت و بەشێکی سەرەکیی نەوتی ئێران بۆ ئەم وڵاتە دەنێردرێت. هاوکات تیمی ترامپ پێشنیاری سەپاندنی گەمارۆیان لە دژی کڕیارانی چینی نەوتی ئێران کردووە.
گەڕانەوە بۆ سیاسەتی گوشاری لە ڕادەبەدەری بەشێک لە هەوڵەکانی ترامپ بۆ ڕێکخستنی دووبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بە وتەی کارناسان، ئەم سیاسەتە ڕەنگە گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بکات.