کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی ٤٤ لەسەدیی دەوڵەت لە هاوردەکردنی مۆبایەلەکانی جۆری ئایفۆن

10:31 - 27 خەزەڵوەر 2724

خشتەی باجی گومرکیی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆن پاش چەند حەفتە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی ئەم جۆرە مۆبایلانە، لەلایەن دەوڵەتەوە بڵاو کرایەوە.

بەپێی خشتەی بڵاوکراو، دەوڵەت سەبارەت بە نرخی هەر مۆبایلیک نزیک بە ٤٤٪ باجی گومرکی لە خەڵک وەردەگرێت.

لەم خشتەیەدا کە لەلایەن میدیاکانی سەر بە دەوڵەتەوە بڵاو کراوەتەوە نرخی دۆلار بۆ هاوردەکردنی ئەم جۆرە مۆبایلانە ٥٠ هەزار و ٧٠٠ تمەن لە بەرچاو گیراوە.

باجی گومرکیی ٤٠ لەسەدیی دەوڵەت لە مۆبایلەکانی ئایفۆن لەکاتێکدایە کە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەردا وەزیری ئابووریی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە باجی هاوردەکردنی مۆبایلەکانی ئایفۆن نزیک بە ٣٠٪ دەبێت و لەوە زیاتر دروست نییە.

بەپێی گەڵاڵە بوودجەی ساڵی داهاتوو کە لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا ڕادەستی مەجلیسی ڕێژیم کراوە، دەوڵەتی پزشکییان ٥٠٠ میلیۆن یۆرۆ داهاتی لە هاوردەکردنی مۆبایلەکانی سەرەوەی ٦٠٠ دۆلار پێشبینی کردووە.

ساڵی ١٤٠١ دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی هاوردەکردنی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆنی ١٤ و بۆ سەرەوەی بە هەموو شێوەیەکی بازرگانی و موسافری قەدەغە کرد بەڵام لە ئێستادا دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان لە هەوڵدایە تاکوو بە ئازادکردنی هاوردەکردنی ئەم جۆرە مۆبایلە، داهاتێکی زیاتر لە چاو ڕابردوو لەم ڕێگەوە بەدەست بێنێت و بەشێک لە کەمیی بوودجەی پێ قەرەبوو بکاتەوە.

بەم پێیە دەوڵەت نزیک بە ١٢ قات زیاتر لە چاو ڕابردوو داهاتی لە ڕێگەی هاوردەکردنی مۆبایلەوە دەبێت.