فەرشاد گردەکانە، وەرزشوانی بەتوانای کورد و خەڵکی شاری کرماشان، توانی لە ئاستی ئورووپادا دوو میداڵیای زێڕ و زیو بەدەست بهێنێت و میداڵەکانی خۆی پێشکەشی دوو بەندکراوی سیاسی کورد، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی کرد.
فەرشاد گردەکانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا ڕایگەیاندووە: هەر دوو میداڵەکە پێشکەش بە هەموو ئازادیخوازانی ئێران و هەموو خەڵکی کوردستان و بە دوو خوشکی خۆم وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و هەموو ئەو بەندکراوانەی لە ئێستادا چاوەڕوانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیانن.
هەروەها ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: هیوادارم ئەو کارەی من ببێتە هۆی ئەوەی هاوار و دەنگی ئەو بەندکراوانە بەرزتر ببێت و ببیسترێت.
فەرشاد گردەکانە داوای لە هەموو وەرزشوانان و هەموو ئەو کەسانە کردووە کە جێگە و پێگەیەکی خەڵکییان هەیە کە ئەوانیش دەنگی خەڵکی خۆیان بن.
شایانی باسە فەرشاد گردەکانە کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خەمخۆری گەلەکەیەتی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسێکی چالاکە و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا پشتیوان و هاوکاری خەڵکی ئازادیخوازی نەتەوەکەی بووە و هەروەها لە کاتی وەرگرتنی میداڵەکەیدا ئاڵای کوردستانی بەرز کردووەتەوە.
فەرشاد گردەکانە خەڵکی کرماشانە و لە وەرزشی جوجیتسو و گراپلینگ چالاکە و هەتا ئێستا چەندین میداڵی لە ئاستی جیهان و ئورووپادا بەدەست هێناوە و هەتا ئێستا میداڵەکانی خۆی پێشکەش بە نەتەوەی بەلووچ و کۆڵبەرانی کورد و مێهدی کەرەمی کردووە.