ڕێکخراوی "کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران" بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کۆتاییهێنان بە پارێزراوبوونی ئەنجامدەرانی تاوانەکان دژی ڕۆژنامەوانان پەرژایە سەر دەسبەسەرکرانە بەردەوامەکانی ڕۆژنامەوانان و چاکانی بواری میدیا لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینیدا ٣٤ ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری میدیا، لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون کە لەم ڕێژەیە لانیکەم ٧ ڕۆژنامەوان کە بە هۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە دەسبەسەر کرابوون، لە بەندیخانەدان.
هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، لە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢ هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٨١ دۆسییەی دادوەری دژی ڕۆژنامەوانان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی بواری میدیا تۆمار کراوە.
لە ڕاپۆرتی ئەم کەمپەینەدا هاتووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی سەرکوت و ترساندنی ڕۆژنامەوانان هەوڵی بلۆککردنی هەژماری بانکی یان ناچالاککردنی سیمکارتەکانیان دەدەن.
هادی قائمی، بەرپرسی ئەم کەمپەینە داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە تاکوو لە بەرانبەر سەرکوتی ڕۆژنامەوانان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، هەوڵی جیددی و ڕوون بگرنە بەر.
هەر لەم پێوەندییەدا، لیندا توماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەوە و لە بەیاننامەیەکدا باسی لە زۆربوونەوەی توندوتیژی و هێرشەکانی ئەم دوواییانە دژی هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانان لە سەرتاسەری جیهاندا کردووە و خوازیاری وڵامدەرکردنی بکەرانی ئەم جینایەتە بووە.