بە وتەی بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای کرماشان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣١١ کەس لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی ٦ هەزار کەسیش بریندار بوون.
بە وتەی محەممەد حەیدەری، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگای کرماشان ٣١١ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە دەرەوە و ناوەوەی شار گیانیان لەدەست داوە و ٥ هەزار و ٨٦٠ کەسیش بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە بریندار بوون.
هەروەها بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی کرماشان زیادی کرد کە لە ماوەی ئاماژەپێکراودا ٧٥٪ی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەسەر ڕێگاکانی دەرەوەی شار و ٢٥٪ لەسەر ڕێگاکانی ناوەوەی شاردا ڕوویان داوە.
حەیدەری دۆخی خراپی ژێرخانەکان، نزمیی کوالێتی و سەلامەتی ماشینەکان و هەڵەی مرۆیی به هۆکاری کاریگەر لە ڕوودانی ڕووداوەکان ناو برد.
شەهرام کەهریزی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و گواستنەوەی کرماشان، لەم پێوەندییەدا وتی: گیانلەدەستدانی ٣١١ کەس لەسەر ڕێگاکانی دەرەوە و ناوەوەی شاردا، ڕێژەیەکی بەرچاوە و لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەرفراوانی دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی ساڵانە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بە هۆی ڕووداوەکانی ڕێگاوبان لە ئێران گیانیان لەدەست دەدەن، ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ڕووداوەکان زیادیان کردووە.
شایانی باسە کە نەبوونی کوالێتیی ڕێگاوبان و شاخاویبوونی ڕێگاکانی گواستنەوەی کرماشان و هەروەها نزمیی کوالێتیی ماشینەکان هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ڕووداوی هاتووچۆ لەم پارێزگایەیە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ساڵانەی هەزاران کەس.