کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاریی خۆراک لە ئێران بە خێرایی پەرە دەستێنێ

10:28 - 28 خەزەڵوەر 2724

ناوەندی توێژینەوەی ژووری ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی دوایین ئاماری بەردەست، تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٠، نزیکەی ٣٢ میلیۆن کەس لەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریی خۆراکدا بوونە و نووسیویەتی ئەم ڕەوتە بەهۆی هەڵاوسانی توندی چەند ساڵی ڕابردووەوە هێشتا بە خێرایی زیاد دەکات.

ناوەندی توێژینەوەی ژووری ئێران، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر لە ڕاپۆرتێکدا بە دوو ڕوانگەی دراوی و کاریگەرییەکانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، بەدواداچوون بۆ هۆکاری هەڵاوسان لە ئابووریی ئێران و مەرجەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە لە سێناریۆی جیاوازدا کە ڕووبەڕووی ئابووریی ئێران دەبێتەوە، کردووە.

ژووری ئێران بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراندا لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەی نێونجی نزیکەی٢٠ لەسەد بووە، جەختی لەوە کردەوە کە لەو ئابوورییانەی کە هەڵاوسانی ٢٠ لەسەدیان هەیە، قسەکردن لەسەر بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان، گەشەی ئابووری بێ کەڵکە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئابووری ئێران لە ساڵی ١٣٩٦دا دانیشتوانی ژێر هێڵی هەژاریی خۆراک بە پێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی ڕفاهـ، نزیکەی ١٨ ملیۆن کەس بووە، بەڵام بەهۆی هەڵاوسان و شۆکەکانی ساڵی ٩٧ و ٩٨، ئەم ژمارەیە بۆ زیاتر لە ٢٦ ملیۆن کەس لە کۆتایی ساڵی ٩٨دا زیادی کردووە.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند، ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٢ بە بەراورد بە ساڵی ١٤٠١ بە ڕێژەی ٠.٤ لەسەد بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٠.١ لەسەد.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ساڵی ڕابردوو لانیکەم یەک لەسەر سێی خەڵک توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نەبووە و لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیاون.