کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی وتەبێژی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشی ئیسرائیلدا

10:32 - 28 خەزەڵوەر 2724

لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی "ڕەئس ئەلنەبع"ی بەیرووت محەممەد عەفیف بەرپرسی میدیایی حیزبوڵڵای لوبنان کوژرا.

چەند سەرچاوەی عەرەبی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر ڕایانگەیاند کە محەممەد عەفیف بەرپرسی میدیایی و وتەبێژی گرووپی حیزبوڵڵا لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە ئەندامانی ئەم گرووپە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرا.

ئیسرائیل لەم هێرشەدا نووسینگەی حیزبی بەعسی سووریەی لە ناوچەی ڕەئس ئەلنەبەع کردووەتە ئامانج.

بەرپرسی حیزبی بەعسی سووریە لە لوبنان ڕایگەیاندووە کە لە کاتی هێرشەکەی ئیسرائیلدا، محەممەد عەفیف لەو بینایە بووە کە نووسینگەی ئەم حیزبەی تێدایە.

پاش ئەم هێرشە ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە محەممەد عەفیف بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەرەوپێشبردنی هەوڵە تێرۆریستییەکان بەدژی ئیسرائیل ڕۆڵی هەبووە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت هاوکات لەگەڵ پێشڕەوەییەکانی ئەرتەشی ئەم وڵاتە لە قووڵایی خاکی لوبناندا چڕتر بووەتەوە.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە جیا لە هێرشکردنە سەر ناوچەی ڕەئس ئەلنەبەع، هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ئەلبوراجنە، حارە حەریک، ئەلحەدەس و ئەلشەیاحی لە باشووری بەیرووت.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بۆ یەکەم جار لە کاتی دەسپێکی شەڕەوە، هێزەکانی تۆپخانەی ئەرتەشی ئەم وڵاتە سنووری لوبنانیان تێپەڕاندووە و چوونەتە نێو خاکی لوبنانەوە.

شەڕی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل تەنیا ڕۆژێک پاش هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد و تاکوو ئێستاش بەردەوامە.

ئەم گرووپە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە حەماس لە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەەوە دەستی کرد بە مووشەکبارانی ناوچە باشوورییەکانی ئیسرائیل و بوو بەهۆی ئەوەی کە دەیان هەزار ئیسرائیلی خانووکانیان لەو ناوچانە بەجێ بهێڵن.