کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری عێراقچی لە سەروبەندی کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئورووپادا

10:55 - 28 خەزەڵوەر 2724

لە سەروبەندی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپادا، وەزیری دەرەوەی ئێران گەمارۆی کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بە "بێ بنەما" ناو برد و هەڕەشەی کرد و وتی کە کردەوەیەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئەو شتەی کە یەکیەتیی ئورووپا دەیەوێت ڕێگری لێ بکات.

ناوبراو لەو پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا و دیار نییە کە مەبەستی لە پەرەسەندنی زیاتری هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیەیە یان پرسی کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامی کە بە وتەی یەکیەتیی ئورووپا خەریکی گواستنەوەی باری سەربازین.

یەکیەتیی ئورووپا پێی وایە کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە خەریکی گواستنەوەی باری سەربازییە.

عەباس عێراقچی وێڕای ڕەتکردنەوەی ناردنی مووشەکی بالستیک لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: یەکیەتیی ئورووپا بەنیازە هەمان بیانووی ساختەی هەناردەکردنی مووشەک بەکار بهێنێت بۆ بایکۆتکردن و گەمارۆدانی هێڵەکانی کەشتیوانیمان.

هەر بەپێی نووسینی عێراقچی، سەرۆکی ئۆکراین بە شێوەیەکی شەخسی پشتڕاستی کردەوە کە هیچ مووشەکێکی بالستیکی ئێرانی بۆ ڕووسیە هەناردە نەکراوە.

زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە ئێران و ڕووسیە گفتوگۆیەکی وردیان کردووە سەبارەت بە ناردنی مووشەکی بالستیک، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی کیێڤ، هێشتا دانوستانەکانیان بەردەوامن و ئەو مووشەکانە ڕادەست نەکراون.

بەڵام ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا ڕایانگەیاندووە کە زانیاری و بەڵگەکان دەریدەخەن کە بارێکی ئەو مووشەکانە لە ئێرانەوە ڕەوانەی ڕووسیە کراوە.

هەروەها دوو بەرپرسی باڵای یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندووە، سزاکانی ئەم یەکیەتییە لەسەر بنەمای زانیاریی دروست سەپێنراون.

مانگی ڕابردوو یەکیەتیی ئورووپا یەکەم سزاکانی لەم پێوەندییەدا پەسەند کرد کە بریتی بوو لە گەمارۆی سێ هێڵی ئاسمانیی ئێران ئەیر، ماهان ئەیر و هێڵی ئاسمانی سەها ئەیرلاینز.

 

عەباس عێراقچی سزاکانی سەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانی بە "نادادپەروەرانە" ناو برد و بە ئاماژەدان بەو سزا نوێیانەی کە یەکیەتیی ئورووپا هەوڵی پەسەندکردنی دەدات، نووسیویەتی: هیچ بنەمایەکی یاسایی، لۆژیکی و ئەخلاقی بۆ هیچکام لەم ڕەفتارانە نییە.