ئەمیر بابۆلی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی زیندان کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ئەمیر بابۆلی خەڵکی ئاوایی ''لەج'' سەر بە شاری مەهاباد کە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیران و پرۆپاگەندە دژی ڕێژیم بە ٦ ساڵ بەندکران حوکم درابوو، بۆ جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.
ناوبراو، لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی مەهابادەوە بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە وتوویەتی: ''ئەمیر بابۆلی لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تۆمەتی "موحاربه" و "افساد فیالارض" بێتاوان دەرچووە.''
شایانی باسە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ٢٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و تا کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرا و دواتر تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.